لیژنەکە لە یەکێک لە دوکانەکانی ناوبازاڕی سلێمانی - وێنە: 964
سزای بەدواوەیە
لە فرۆشتندا ئاگات لە تەرازوو و کێشی کیلۆکەت بێت
964+
پێشەوا محەمەد
هۆبەی کێشان و پێوانەی شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتێکی بۆ دوکان و بازاڕەکان دەستپێکردووە و دەیەوێت لە وەزنی کیلۆی ئاسن و راستیی کیلۆی ئەو خواردەمەنییانە دڵنیا بێت، کە ژمارەی کیلۆکەیان لەسەر نووسراوە.
هەڵمەتی ئەو هۆبەیە بە هاوکاریی بەشی پۆلیسی شارەوانی بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو لەناوبازاڕ و مۆڵ و مارکێتەکانی شاری سلێمانیدا بەردەوام دەبێت.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بۆ 964ـی روونکردەوە، نابێت کێشی کیلۆ ئاسنەکان لە کیلۆیەک کەمتر بێت و دواتر بەو کیلۆیە خواردەمەنی بە خەڵک بفرۆشرێت و دەبێت هەموو کیلۆکان کێشی دیاریکراوی خۆیان هەبێت.
وتیشی، “بەشێکی دیکەی هەڵمەتەکە بەراوردکردنی ئەو کیشانەیە کە لەسەر کیسە و گونیە و سەتڵ و دەبەکاندا نووسراوە، بۆمان دەرکەوتووە هەندێکیان کەمی هەبوو و ئاگاداری خاوەن دوکان و مارکێتەکان کرا بەدواداچوون بکەن”.
ئەوانەی کیشی کیلۆکانیان کەمترە سزا دەدرێن، “سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە، ئەگەر دووبارەی بکەنەوە دوکانەکانیان پێ دادەخرێت و ئەگەر عارەبانەشیان پێبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت”.