له‌ جۆرى "زاگرۆسى"ـه‌

پڵنگێكى هیلاك له‌ ناوچه‌یه‌كی كوردستان ده‌ركه‌وت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له ‌یه‌كێك له‌ ناوچه‌كانى كوردستان پڵنگێكى جۆرى “زاگرۆسى” ده‌ركه‌وت، وه‌ك له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ ده‌بیندرێت كه‌ ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، چه‌ند سه‌گێك په‌لامارى پڵنگه‌كه‌ ده‌ده‌ن.

ئه‌و ناوچه‌یه‌ى پڵنگه‌كه‌ى لێ ده‌ركه‌وتووه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانى گوندى مرخێڵی ئێناخه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ شاره‌دێی سه‌ریاس لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

وا دەردەکەوێت، کە پڵنگەکە شپرز کرابێت و برینداربێت، ماندوو بوونێکی زۆری پێوە دیارە.

نه‌به‌ز فاروق عه‌لى، لێكۆڵه‌ر له‌بوارى ئاژه‌ڵه‌ ده‌گمه‌نه‌كان، به‌ 964ـى وت، ئه‌م پڵنگه‌ى له‌ ڤیدیۆكه‌ ده‌بیندرێت له‌ جۆرى زاگرۆسی یه‌، كه‌ لانكه‌ى هه‌میشه‌ییان له‌ چیاكانى زاگرۆسه‌.

وتیشی “چه‌ند هاوڕێیه‌كمان ئه‌و ڤیدیۆیه‌یان له‌و ناوچه‌یه‌ گرتووه‌ كه‌ زۆرجاران ئه‌م جۆره‌ پڵنگه‌ى لێ ده‌بیندرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لەسەر ئاستی جیهان، ئه‌م پڵنگه‌ بە (پێرسییەن لیۆپارد) ناسراوه‌، بەڵام ئه‌وان به‌ (پڵنگی زاگرۆسی) ناساندوویانه‌ چونکە ده‌ڵێت “شاخەکانی زاگرۆس، کە کوردستانی گەورە دەکات، نیشتمانی رەسەن و لەمێژینەی ئه‌م پڵنگه‌یه‌”.

روونیكرده‌وه‌، پێشتر ئه‌م پڵنگه‌یان به‌ (پڵنگی فارسی) ده‌ناساند، به‌ڵام لە ئەنجامی چەندین لێكۆڵینه‌ و نوسین و بەرنامەیان توانیویانه‌ ئه‌م ناوه‌ له‌و پڵنگه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ (زاگرۆسی) بیناسێنن.

به‌قسه‌ى ئه‌م لێكۆڵه‌ره‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ پڵنگه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لە ئێستاشدا زۆرترین ژمارەیان لە ئێراندا هەم لەناوچە فارسییەکە و هەمیش ناوچە کوردستانییەکانی ژێر دەسەڵاتیان ماوەتەوە، بۆیه‌ ده‌ڵێت “پێویسته‌ پارێزگارییه‌كى باشیان لێبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بتواندرێت بە داتا بیسەلمێنن، کە شاخەکانی کوردستانيش، ژماره‌یەکى زۆری ئەم پڵنگەیان لەخۆگرتووە.

ده‌شڵێت “له‌ به‌هارى 2023، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌ك له‌كاتى گه‌ڕان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانمان، زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ و بە باشی گوێمان لەنەڕەکانی ئه‌م پڵنگانه‌ بوو”.

کچە پارێزەری پڵنگەکانی کوردستان بۆ خەڵاتێکی جیهانی بە...

کچە پارێزەری پڵنگەکانی کوردستان بۆ خەڵاتێکی جیهانی بەربژێرە