بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەری کشتوکاڵی عێراق وا دەڵێت

ئەو ئاژەڵانەی لە بەڕازیلەوە دێن بێ کێشەن و مۆڵەتی هێنانی 17 هەزار سەر گوێرەکە دراوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو ئاژەڵانەی لە بەڕازیلەوە دێن دوورن لەهەر چەشنە نەخۆشییەک، پلانەکە ئەوەیە نرخی گۆشتی سوور بۆ مانگی رەمەزان دابەزێت و تێچووی هەر کیلۆیەکی 10 هەزار دینارە.

سامر حەبیب بەڕێوەبەری گشتی ڤێرتێرنەری لەوەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، تیمێکی پزیشکیان پێکهێناوە بۆ پشکنینی ئەو ئاژەڵانەی لە بەڕازیلەوە دێن، ئەو بارە ئاژەڵەی دێت هیچ نەخۆشیەکیان تێدا نییە و هاوکات هیچ ئاژەڵێکی مرداربوویان تێدانییە.

ئەو بەڕێوەبەرە وتویەتی، کاتێک گوێرەکەکان دەگەنە ناو عێراق کەرەنتین دەکرێن دوای دڵنیابوونەوە لە تەندروستیان، دواتر بەشێوازی ئیسلامی سەردەبڕدرێن، هەر سەر ئاژەڵێک بڕوانامەی دڵنیایی تەندروستی خۆی لەگەڵە لەو وڵاتەی هاوردە کراوە.

پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر هاوردەکردنی 17 هەزار سەر گوێرەکە دەربڕی.

لەلایەکی دیکە وەلید محەمەد بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی سامانی ئاژەڵ وتویەتی، رەزامەندی بە کۆمپانیایەک دراوە 17 هەزار سەر گوێرەکە لە بەرازیل، ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیا هاوردە بکات، ئەم پرۆسەی مۆڵەتدانە بەردەوام دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی گۆشتی سوور.

دوێنێ لە هەواڵێک هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ 964 قسەیکردبوو دەڵێت، هاوردەکردنی ئاژەڵ و گۆشت بۆ هەرێمی کوردستان، رێگەی پێدراوە ئەمەش بۆ دروستکردنی هاوسەنگی و کەمکردنەوەی فشارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور.

وتیشی، مۆڵەت بەچەندین کێڵگەی گەورەی بەخێوکردنی ئاژەڵدراوە، لەماوەی داهاتوودا ئەگەر ئەو پڕۆژانە هەموویان بکەونە سەر ئاراستەی کارکردن باوەڕ ناکرێت نرخی گۆشت هێندە بەرز ببێتەوە.

رێکارەکانی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور دەستیپێکردووە

رێکارەکانی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور دەستیپێکردووە