لیژنەیەکی باڵا بۆ ئاو پێک دەهێندرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بۆ چاودێریی سەرچاوەکانی ئاو و پلاندانان و پاراستنی، لیژنەی باڵای ئاو لە هەرێم پێکهات..

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم دەڵێت: هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکە ئەنجام دەدرێت.

بە پێی ناوەڕۆکی یاسای ژمارەی 4ـی ساڵی 2022ـی بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی کوردستان، لە ماددەی حەوتدا باس لە دروستکردنی “ئەنجوومەنی ئاو” دەکات لە هەرێمی کوردستان.

هیوا عەلی، بەرپرسی راگەیاندن لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە 964+ـی وت: لیژنەی باڵای ئاو بەپێی ئەوەی یاساکە دیاریی کردووە پێکهاتووە و هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات.

بە پێی یاساکە، وەزیری کشتوکاڵ دەبێتە سەرۆکی لیژنەکە و نوێنەرانی هەریەکە لە دەستەی ژینگە، وەزارەتی شارەوانی، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو و بەنداوەکان و بەرێوەبەری گشتیی توێژینەوە و باخداری دەبنە ئەندام لە لیژنەکە.

هەروەها نوێنەری هەریەکە لە وەزارەتەکانی پلاندانان، کارەبا، تەندروستی و ناوخۆی هەرێمیش بەشدارن تیایدا.

هیوا عەلی روونی کردەوە، ئەرکی لیژنە باڵاکە چاودێریکردنی سەمانی ئاوە لە هەرێم و پاراستن و دانانی پلانە بۆی، هەوروەها بڕیاردان لەسەر پڕۆژەکانی ئاو و چۆنیەتی بەکاربردنی و بڕیاردان لەسەر سیاسەتی نیشتیمانی تایبەت بە کەشوهەوا.

دەشڵێت؛ جگە لەوانە لیژنەکە ئەرکی دابینکردنی بوودجەی لەسەرە بۆ پڕۆژەکانی ئاوەڕۆ و بەنداوەکان، دانانی پلانی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و دانانی سیستمی ئاودێریی نوێ بۆ ئاودانی بەرهەمی کشتوکاڵی.