موچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت - وێنە؛ ئەرشیفی 964
دەربارەی سێ موچە نەدراوەکەیە
25 پەرلەمانتاری کورد یاداشتێک دەدەنە محەمەد شیاع سودانی
964+
پێشەوا محەمەد
25 پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتێک دەدەنە سەرۆکوەزیرانی عێراق و داوای لێدەکەن سێ موچەی نەدراوی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات.
ساڵی 2023 فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـیان وەرنەگرت.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و یەکێک لەو پەرلەمانتارانی واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە شێوەیەکە دەڵێت، نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا خەڵکی کوردستان لە سەرچاوەی بژێویان بێبەش بکرێن و حکومەتی عێراقی ئیجبار کردووە بەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بەردەوامی بدات.
ئەو پەرلەمانتارە گەشبینیی خۆی راگەیاند بە گێڕانەوەی ئەو سێ موچەیەی ساڵی رابردوو بە هاوکاری لەگەڵ هەرێم، “چونکە بەغدا ئەگەر رەزامەند بێت بۆ هەر مانگێک 618 ملیار دینار دەنێرێت و هەرێمیش دەبێت 320 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی بخاتە سەر”.
هەفتەی رابردوو دادگای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری دا هەرێمی کوردستان سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا بکات، هاوکات حکومەتی عێراقیشی ئیجبار کرد بەوەی هەموو مانگێک موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت و نابێت ناوی قەرزیشی لێبندرێت.