تاقانە نووسینگەکەی رانیە لە حەوت مانگدا 250 ژنی کردۆتە شوفێر

964+

ژیوار خدر – رانیە

لە رانیە، ژنان نووسینگەیەکی تایبەت بە خۆیان دەکەنەوە بۆ ئەوەی خانمان فێری شوفێری بکەن.

بۆ ئەوەی “ئاسوودەتر” پرسیار بکەن، ژمارەیەک ژن لە رانیە، نووسینگەیەکی فێرکردنی شوفێری بە ژنان دەکەنەوە.

نووسینگەکە ماوەی حەوت مانگە کراوەتەوە، لەم ماوەیەدا زیاتر لە 250 ژنی رانیەو دەوروبەری لەو نووسینگەیەدا فێری شوفێری بوونە.

نوسینگەی ئاسا لەلایەن هەشت ژنەوە بەڕێوە دەبرێت، چواریان مامۆستان و دەرسی تیۆری بە ژنان دەڵێنەوە، چوارەکەی دیکەش راهێنەرن و ژنان لەسەر شەقام فێری شوفێری دەکەن.

نووسینگەکە لەلایەن هاتوچۆی رانیە مۆڵەتی پێدراوە.

ئەڤین حەسەن، یەکێکە لە فێرخوازەکان و دڵخۆشیی خۆی بە کردنەوەی نووسینگە بۆ 964+ـی دەربڕی، “زۆر بە ئاسوودەیی دەتوانم هەر پرسیارێکم هەبێت بیکەم و چێژ لە وانەکانیش دەبینم”.

روخۆش حسێن، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئاسا بە 964+ـی وت “نەبوونی مامۆستای ژن لە نووسینگەکانی پاڵنەر بوو نووسینگەکە بکەمەوە، هەستمان کرد خانمان ئاسوودەتر دەبن ئەگەر لە مامۆستایەکی ژنەوە فێری شۆفێری ببن”.

دەشڵێت: تا ئێستا 250 فێرخوازیان لە شەش خولی جیاوازدا هەبووە.

لە رانیە چوار نووسینگەی تری فێرکردنی شۆفێری بەڵام تەنیا نووسینگەی ئاسا هەموو ستافەکەی ژنن، ئەوانەشی رووی تێدەکەن بۆ فێربوونی شوفێری خانمانن.