ژمارەیەک کەو لەلایەن پۆلیسى سلێمانییەوە ئازاد کران 964+
باڵندەى کێویان راو کردبوو
سێ تۆمەتبار دەستگیرکران و ژمارەیەک باڵندە ئازاد کران
964+
وریا فەتاح
لەلایەن پۆلیسى سلێمانییەوە، سێ تۆمەتبار لەناو بازاڕى سلێمانیدا دەستگیرکران کە کڕین و فرۆشتنیان بە باڵندەى کێوییەوە دەکرد، وتەبێژى پۆلیسیش دەڵێت: مامەڵەکردن بە ئاژەڵ و باڵندەى کێوى بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى بە 964ـى وت،”لەسەر سکاڵاى ژمارەیەک هاوڵاتی کە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی کڕین و فرۆشتن بەئاژەڵ و باڵندەی کێوییەوە دەکرێت، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، ئەمڕۆ هەینی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا و بەشی پۆلیسی رێکاریی هەڵمەتێکیان لەناوبازاڕی شاری سلێمانی ئەنجامدا”.
وەک ئەوەى سەرکەوت ئەحمەد باسى کرد، لە هەڵمەتەکەدا کە بەمەبەستی رێگرییکردن لەکڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی ئەنجامدراوە، سێ تۆمەتبار بە تۆمەتى مامەڵەکردن بە باڵندەى کێوى دەستگیرکراون.
هەر لە هەڵمەتەکەدا ژمارەیەک باڵندەى کێوى لە جۆرى کەو دەستیان بەسەرداگیراون و دواتر لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە باڵندەکان لەناو سروشت، ئازادکراون.
بەوتەى وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى، مامەڵەکردن و راوکردنى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ئەنجامدەرانى دەستگیر دەکرێن و رووبەڕووى دادگا دەکرێنەوە.
لە وەڵامى پرسیارێکى 964دا لە بارەى بوونى ئەو دووکانانەى ئاژەڵ و باڵندەى تێدا دەفرۆشرێن، سەرکەوت ئەحمەد وتى،”هەر دوو کان و شوێنێک ئاژەڵ و باڵندەى کێوى تێدا بفرۆشرێت، جا لە سروشتى کوردستان راو کرابێت یان لە دەرەوە هێنرابێت، خاوەنەکەى لێپێچینەوەى لەگەڵ دەکرێت و باڵندە و ئاژەڵەکانیش ئازاد دەکرێن”.
ئەو سێ تۆمەتبارەى ئەمڕۆش لە سلێمانى دەستگیرکراون، بە بڕیارى دادوەر راگیراون.