964 ناوەرۆکی پڕۆژەیەک بڵاودەکاتەوە

هەولێر میکانیزمێکی نوێ بۆ رووبەڕووبونەوەی پەنگخواردنەوەی ئاوی باران دادەنێت

964+

فەهمی نەبی

بارانی هەفتەی پێشوتر ئەندازیارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو ئاوەڕۆی هەولێری لەژوورێک کۆکردەوە و چوار کاتژمێر و نیو سەرقاڵی دانانی میکانیزمێکی نوێ بوون بۆ بنەبڕکردنی یەکجارەکی پەنگخواردنەوەی ئاو، ئەمەش بەوتەی بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر.

زەردەشت عەبدولخاڵق سەرسام بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بۆ 964 وتی، “ئێستا دەمانەوێت بە میکانیزمێک کە خۆی دەبینێتەوە لە پڕۆژەیەکی ستراتیژی بەتەواوی پەنگخواردنەوەی ئاو چارەسەر بکەین، چەند شوێنێک هەن دەکەونە ناو ئەو پڕۆژەیە، ژێر پردی سەیداوە و بەشی دواوەی دوکانەکانی جوانکاری ئۆتۆمبێل لە شەقامی 60 و بازاڕی حەی شورتە کە ساڵانی هەشتاکان کەندی سروشتی بوون”.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، لەو پڕۆژەیەی دایناوە یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەیە، ئاوەڕۆی ژێر پردی سەیداوە بیگەیەنینە لای سایلۆ لەوێ پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەورەی لێیە و ئاوەڕۆکە تێکەڵ دەبێت ئەم پڕۆژەیە سێ کیلۆمەتر و نیوە، بەوتەی زەردەشت سەرسام پێشوتر پڕۆژەیەکیان هەبووە و لەبەردەستی سەرۆکی حکومەتە کە تێچووەکەی 678 ملیۆن دینارە بڕیارە بەو پارەیە ئاوەڕۆی ژێر پردی سەیداوە بگەیەننە ژێر داون تاون، سندوقێکی سێ بە چوار هەیە و لەوێ تێکەڵ دەبێت.

زەردەشت سەرسام  وتیشی “یەکێکی دیکە لە خاڵەکان ئەوەیە ئەو ئاوەڕۆیەی لە شەقامی لەنگە هەیە بیگەیەنینە ترافیک لایتی کوران و دواتریش بیگەیەنینە کۆڕنیش ئەوەیان نۆ کیلۆمەتر و نیوە”.

رۆژی 15.2.2024 بەهۆی بارانێکی بەخوڕ ژێر پردی سەیداوە لەشەقامی 30 مەتری هەولێر ژێر ئاوکەوت و 11 ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت.

له‌ هه‌ولێر لافاو له‌ پردی سه‌یداوه‌ روویداوه‌ و چه...

له‌ هه‌ولێر لافاو له‌ پردی سه‌یداوه‌ روویداوه‌ و چه‌ند ئۆتۆمبێلێك ژێرئاو كه‌وتن

بەڕێوەبەری ئاو ئاوەڕۆی هەولێر دەڵێت: لە پڕۆژە ستراتیژیەکە، خاڵێکی دیکە هەیە لەبەردەم ESPORTA لە شەقامی 100 مەتری دەستپێدەکات بۆ بەردەم چاکسازی نەوجەوانان لەشەقامی 100 مەتری و دواتر دەپەڕێتەوە بۆ هۆڵی زەرد لە شەقامی 60 مەتری مەزرایەکی گەورەی هەیە و ئەو کێشەیە چارە دەکات. بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە ئەوەیە لەبەردەم مزگەوتی جەلیل خەیات بۆ بازاڕی تەیراوە و شەقامی 30 مەتری ئینجا بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لەوێ ساڵی پار مەزرایەک دروستکراوە و دەگەیەنرێت بەیەک.

بەوتەی زەردەشت عەبدولخاڵق سەرسام، سەرجەم ئەو پڕۆژانەی گەڵاڵە کراون گرفتی سەرخانیان هەیە، لەبەرئەوەی قوڵی ئەو حەفرەی بۆ ئەو پڕۆژانە لێ دەدرێت 11 مەتر دەبێت و بەتەواوی هاتوچۆ لەو شەقامانە دەوەستێت، دوای چەند رۆژێکی دیکە دەرخستەیان تەواو دەبێت.