دەریاچە و بەنداوی دوکان - وێنە: 964+
ترسی وشکەساڵی نەما
جگە لە سێ بەنداوە گەورەکە هەموو ئەوانی دیکە سەرڕێژیان کردووە
964+
ژووری هەواڵ
شەپۆلی بارانبارینی ئەم چەند رۆژەی رابردوو، جگە لە سێ بەنداوە گەورەکە، هەموو بەنداوە بچووکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی سەرڕێژ کردووە، بەڕێوەبەری بەنداوەکان و کۆگاکانی ئاویش دەڵێت، کێشەی وشکەساڵی و کشتوکاڵکردن نەماوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.2.2024، ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، بەنداوە گەورەکانی هەرێم بەهۆی فراونی و توانای زۆری ئاوگلدانەوەیان تاوەکو ئێستا سەرڕێژ نەبوون، “بەڵام هەموو بەنداوەکانی دیکە جگە لە دوکان و دەربەندیخان و دهۆک، سەرڕێژیان کردووە”.
بە وتەی ئەکرەم ئەحمەد، رێژەی بارانبارین ئاستی ستانداردی ساڵانەی تێپەڕاندووە، هەموو پۆندەکانی ئاو پڕ بوون و کێشەی وشکەساڵی نەماوە، بەڵام پێویستە خەزانی زیاتری ئاو دروست بکرێن، بۆ ئەوەی بڕێکی زۆرتر ئاو گلبدەنەوە.
پێشتر کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە 964ـى وت، باران نزیکەى دوو مەتر ئاستى ئاوى بەنداوى دوکانى بەرز کردووەتەوە، تا ئێستاش نزیکەى دوو ملیار و 350 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە، بەوەش بەراورد بە ساڵى رابردوو 96 سانتیمەتر زیاترە.
بەنداوى دهۆک لە دواى هەریەک لە بەنداوەکانى دوکان و دەربەندیخان، سێیەم گەورەترین بەنداوى هەرێمى کوردستانە و تواناى گلدانەوەى 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى هەیە.
بەنداوی دوکان گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و دەکەوێتە قەزای دوکان، ساڵی 1954 دەست بە دروستکردنی کراوە و ساڵی 1959 تەواو بووە.