چۆن هاوردە دەکرێت؟

هاورده‌كردنی قه‌ده‌غه‌یه‌ و بازاڕی سلێمانی پڕه‌ له‌ ته‌ماته‌ی ئێرانی

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

سەرەڕای بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە، تەماتەی ئێرانی لە عەلوە و لەلای میوەفرۆشەکانی سلێمانی دەستدەکەوێت.

بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم، لە 21.1.2024وە بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق هاوردەکردنی تەماتەیان قەدەغە کردووە.

حاجی سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو تەماتە ئێرانییە بە قاچاخ دەهێندرێتە ناو عەلوەی سلێمانییەوە و لەوێشەوە بڵاودەبێتەوە.

وتیشی، “بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنەکە، پێویستە رێگە قاچاخەکان لە هەموو شوێنەکان چاودێریان بخرێتەسەر و نەهێڵدرێت هاوردە بکرێت”.

نرخی کیلۆیەک تەماتەی عێراقی لەناو شاری سلێمانی 750 دینارە، تەماتەی ئێرانیش کیلۆیەکی بە هەزار و 250 دینارە.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ لەو رۆژەوەی بڕیارەکە دەرکراوە پابەندن بە بڕیارەکە و بە کەرەنتینەی کشتوکاڵی ئەواندا هیچ بڕە تەماتەیەکی ئێرانی نەهاتووەتە سلێمانییەوە.

وتیشی، “بەڵام ئەگەر لەملاولاوە بێتە ناو سلێمانییەوە ئاگاداری ئەوە نین”.

ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی عێراقی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم هاوردەی تەماتە قەدەغە دەکات و لەگەڵ پێگەیشتنی تەماتەی کوردیشدا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەمان بڕیار دەدات بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی ناوخۆی هەرێم و عێراق.

پێداچوونەوە: هاوبەش

هاورده‌كردنی ته‌ماته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات قه‌ده‌...

هاورده‌كردنی ته‌ماته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات قه‌ده‌غه‌ كرا