بڕی جیاوازیەکە چەندە؟
دوای بڕیاری ئاسایش هێشتا نرخی دۆلاری چاپی کۆن و نوێ جیاوازی هەیە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
زیاتر لە سێ مانگە بڕیارێکی ئاسایشی سلێمانی هەیە بۆ جیاوازینەکردن لە نرخی دۆلاری چاپی کۆن و نوێ، بەڵام هێشتا لە بازاڕی دراوی سلێمانی ئەو جیاوازییە هەیە.
بەپێی بەدواداچوونێکی مەیدانی 964 بۆ بازاڕی دراوی سلێمانی، نرخی 100 دۆلاری چاپی کۆن لەگەڵ چاپە نوێکە لە یەک بۆ سێ هەزار دینار کەمتر وەردەگیرێت، ئەگەر دڕاو بێت یان زۆر ژاکاو بێت جیاوازییەکەی پێنج بۆ 10 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارییەک.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو جیاوازییە بانکەکان دروستیان کردووە، چونکە ئەوان دۆلاری چاپی کۆن وەرناگرن و ئەوەش ئەو جیاوازی نرخەی لەناوبازاڕ دروستکردووە.
وتیشی، “ئەگەر بانکەکان بە وەرگرتنییەوە پابەند بن بازاڕی دراو و نووسینگەکان دەبێت بە هەمان نرخی چاپە نوێیەکە ئەو دۆلارە وەربگرن و ئەگەر لێی لابدەن تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن”.
ئاسایشی سلێمانی لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی رابردوو پێنج بڕیاری بۆ بازاڕی دراو دەرکرد، یەکێک لەوانە بریتی بوو لەوەی نابێت جیاوازی لە نرخی دۆلاری چاپی کۆن و نوێدا بکرێت.
وتەبێژەکەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی وتیشی، “بانکەکان تەنانەت لە دیناریشدا ئەوە دەکەن، زۆرجار ئەگەر ئەو دینارەی بۆیان دەبرێت داوا دەکەن 50 هەزار دیناری بێت و تەنانەت 25 هەزار دیناریش وەرناگرن، بۆیە پێویستە لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە بانکەکان ناچار بکرێن ئەو دۆلارە وەربگرن”.
بە وتەی ناوبراو بانکەکان لە دونیادا شوێنی ساغکردنەوەی دۆلاری دڕاو و ژاکاون، بەڵام لێرە چاپە کۆنەکەش وەرناگرن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی