بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان
سێ کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون
964+
توانا نەقی
سێ کۆڵبەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون دوانیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە هەمنیەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژڵی بانە و کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری مەریوان بە سەختی بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە، جەلال رەحمانی خەڵکی بۆکان و ئاکۆ کە ناوبانگی دیارنییە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دەستبەسەرکران و دوای ئەشکەنجەدران لەلایەن ئەو هێزانەوە، لە پشتەوە تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا ئەو دوو کۆڵبەرە سەر، لووت و قاچیان بریندارکرا.
هەورەها، سەلمان ئەمیری کۆڵبەری خەڵکی مەریوان بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی سنووری نەوسوود بە سەختی برینداربووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆڵبەرێکیان بەهۆی بەربوونەوە کەمەری شکاوە و لەبەر ناجێگیربوونی بارودۆخی تەندروستیی لە نەخۆشخانەی پاوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان گواستراوەتەوە و تا ئێستا یەکجار نەشتەرگەری بۆ کراوە و بڕیار وایە ئەمشەو، بۆ دووەمین جار، لەو نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ بکرێتەوە.
لەسەرتای ئەمساڵەوە هەشت کۆڵبەر بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و 75ـی دیکەش بریندارن.
ئامارەکانی رێکخراوی هەنگاو دەریدەخات، ساڵی 2023 ئەوەی تۆمارکراوە 22 کۆڵبەر کوژراون و 116ـەی دیکەش بریندار بوون.