هۆشداری بە هاوڵاتیان دراوە

نەخۆشییەکی ترسناک لە دوزخورماتوو بڵاوبووەتەوە

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لیژنەی تەندروستی له‌ قه‌زای دوزخورماتوو هاوڵاتیانی قەزاکە له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كی ترسناك ئاگادار دەکەنەوە، كه‌ “تای خوێنبەربوون”ـه‌ و به‌ نەخۆشییه‌كی ڤایرۆسی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ ناسراوە.
محەمەد ئەکبەر بەڕێوەبەری کەرتی تەندروستیی خورماتوو بە 964ی وت، رۆژانە خەڵکی ئاگادار دەکەنەوە خۆپارێزی بکەن لە نەخۆشییەكه‌، کە وەک ڤایرۆسێک تەشەنە دەستێنێت و بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە.

وتیشی، جۆری نەخۆشییەکە تای خوێنبەربوونی ژێر پێستی پێدەڵێن، کە ئەوەش ڤایرۆسێکی مەترسیدارە و لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە، رێژەی مردن بە هۆی نەخۆشییەکە دەگاتە 40% .

دەشڵێت، نیشانەکانی ئەو نەخۆشیە بریتین لە تایەکی زۆر، سەرئێشە، پشت و ئازاری ماسوولکەکان، ئازاری سک، سکچوون و رشانەوەی پێوەیە.

بەڕێوبەری کەرتی تەندروستی دەڵێت، رۆژانە جگە لەوەی کە لەناو شاردا خەڵکی لە مەترسیی نەخۆشییەكه‌ هۆشیاردەکەنەوە، ئەو کەسانەشی سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دەکەن، رێنمایی تەندروستیان پێ دەدرێت.

“ئەو کەسانەی کاری ئاژەڵداری ده‌كه‌ن له‌ ناحیە و گوندەکاندا، ئه‌گەر هەستیان بە ئاژەڵێکیان کرد کە مات بووە و خوێنبه‌ربوونی هه‌یه‌، دەستبەجێ لیژنەکانی تەندروستی ئاگاداربکەنەوە بۆ ئەوەی پشکنینی خێرا بکەن، پێش ئەوەی تەشەنە بكات لە ناو ئاژەڵ و مرۆڤه‌كاندا، هه‌روه‌ها گۆشتی ئەو ئاژەڵەش نابێت بخورێت و دەبێت فڕی بدرێت”، محەمەد ئەکبەر وای وت.
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌رتی ته‌ندروستی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، لیژنه‌كانیان رۆژانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی چاودێریی ئاژه‌ڵداره‌كان و سه‌ربڕخانه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ی سه‌رپێچی ده‌كه‌ن و ئاژه‌ڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربڕخانه‌ سه‌رده‌بڕن، سزایان ده‌ده‌ن.
وتیشی، تا ئێستا هیچ كه‌سێك تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ نه‌بووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا، كه‌ خۆی زیاتر هاوینان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، محه‌مه‌د ئه‌كبه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، ڤایرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌، به‌ڵام خورماتوو شوێنێكی پڕ هاتوچۆیه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق، به‌ ئه‌گه‌ری زۆر به‌م هۆكاره‌ له‌م وه‌رزه‌دا جارێكی دیكه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌.
تای خوێنبه‌ربوون زیاتر له‌ وه‌رزی هاویندا بڵاوده‌بێته‌وه‌ و هاوینی رابردووش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بڵاوبووه‌وه‌ و بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ده‌یان هاوڵاتی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا، زیاتریش به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ ئاژه‌ڵداره‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربڕخانه‌كان ئاژه‌ڵه‌كانیان سه‌رده‌بڕن و پشكنینی بۆ ناكه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

تای خوێنبەربوون واز لە کەرکوک ناهێنێت

تای خوێنبەربوون واز لە کەرکوک ناهێنێت