بایدن و پنتاگۆن ناکۆک بوون
بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ 964: سودانی نایەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە
964+
ژووری هەواڵ
سودانی بە ئەمەریکییەکانی وتووە نامەوێت هێزەکانتان لە عێراق بکشێننەوە، بەڵام لەبەر بارودۆخی ناوخۆ ئەو قسانەم کردووە، ئەم زانیاریانە 964 لەبەرپرسێکی دیاری ئەمریکاوە دەستی کەوتووە، لەپاڵ ئەمەشدا زۆر نهێنی دیکە دەدرکێنێت.
بەرپرسێکی دیاری ئەمریکی کە بەم دواییە لەبەغدا گەڕاوەتەوە، وردو درشتی دانیشتنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراقی بۆ 964 باس دەکات، دەڵێت سودانی وەک جاران فشاری لەسەر نەماوە، ئەمەش وردەکاری زانیارییەکانە:
یاداشتێکی ناوخۆیی ئەمریکییەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاش کوژرانی ئەبوتەقوا یاداشتێکی لەناوخۆیاندا بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەی بەوە داوە: سودانی بە واشنتنی وتووە نایەوێت هێزەکانیان بکشێننەوە، بەڵام دەیەوێت بارودۆخەکە هێور بکاتەوەو بزانێ پاش ئەوە چی روودەدات.
ناکۆکی نێوان بایدن و وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ پنتاگۆن
گفتوگۆیەکی توند لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو پنتاگۆن روویداوە لەسەر داواکارییەکەی عێراق، کێشەکە لەسەر ئەوە بووە کە کارێک نەکەن رووداوەکانیان لەدەست دەربچێت، ئەمریکییەکان وتوویانە بە هیچ شێوەیەک لە دۆخێکی ئاوهادا عێراق جێناهێڵین، ئەمە وەک ئەوە وایە دەمانچەیەک بخەنە سەر سەرمان و بەوە بمانترسێنن.
پنتاگۆن بڕوایان وابووە دەبێت خێرا بە کردەوەی سەربازی وەڵام بدەنەوە، ئەوان بەزمانێکی سەربازی دەجوڵێنەوە کە تەمەنی 250 ساڵەو بڕوایان بە هاوسەنگی سیاسی نییە، دواجار هەر قسەکەی ئەوانیش چووە سەر.
سودانی گیری خواردووە
قسە رۆیشتووەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتوویانە سودانی گیری خواردووە بەدەست قەیرانەکانی ئەم دواییەوە، لە لایەکەوە بارودۆخی غەزە زیاتر تێکچووەو لەلایەکی ترەوە دەبێت هاوسەنگی لەگەڵ ئێران رابگرێت، وەک ئەوە وایە لەسەر پەتی سێرک بێت و ئاگای لێبێت نەکەوێتە خوارەوە.
گفتوگۆ نەک دانوستان
ئەوەی سەرەتای مانگی رابردوو لە بەغدا روویدا بەهیچ شێوەیەک دانوستان نەبوو، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ عێراقییەکان لەسەر مێزێک کۆنەبووینەوە بۆ ئەوەی دانوستان بکەین، بەڵکو ئەوەی کردمان هەندێ وتوێژی تەکنیکی بوو بۆ ئەوەی کارەکانمان لەعێراق گەشە پێبدەین.
تەنانەت دوای تەواوبوونی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانیش زۆر روون و راشکاو بووین چەند ئامانجێکی دیاریکراو هەبوون کە دەبێ وەک ئەوەی پلانیان بۆ داڕێژراوە بچن بەڕێوە.
ژەنەراڵە ئەمریکییەکە چی بە عێراقییەکان وت؟
پێش گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان کە ژەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوو، بە عێراقییەکانمان وت ئێوە دەتوانن رووبەڕووی گروپە تیرۆریستییەکان ببنەوە، بەڵام بە تەنیا کاریگەریتان کەمتر دەبێت و پێویستان بە بوجەیەکی زیاتر دەبێت تا شوێنی نائامادەیی ئێمە پڕ بکەنەوە.
لەبارەی مەترسییەکانەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقی قسەمان کرد، پێمان وتن ئێمە گوێمان لەم هەندێ سەرنجی بەبایەخ دەبێت، هەندێ هاوبەشی حکومەت هەن لە دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیان وایە ئێستا داعش مەترسییە گەورەکە نییە، دەیانزانی باسی چ جۆرە مەترسییەک دەکەین.
بەهۆی ئەوەی گروپە چەکدارەکان هێرشەکانیان راگرتووە بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق کەمتر هەست بە فشار دەکات، هیوادارین پلانی کوژاندنەوەی ئاگری ژێر مەنجەڵەکە بە باشی بڕوات بەڕێوە.