دادگا سزای تۆمەتبارەکانی دەرکرد

یەکێک لە بریندارانی کەیسی نەقیب محەمەد هاوژینەکەی جێیهێشتووە

964+

رێژوان مامەقادر – سلێمانی

ئارام قادر، شۆفێری ئەو مەفرەزەیەیە کە نەقیب محەمەد و هاوکارەکانی تێدا بوو، شەوی چوار لەسەر پێنجی 12ـی 2021 لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی لە کاتی هەوڵدانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک تەقەیان لێ دەکرێت.

لەو رووداوەدا نەقیب محەمەد گیان لەدەستدەدات، ئارام قادر و دوو هاوڕێی دیکەشی بریندار دەبن و بەهۆی ئەو رووداوەشەوە ئەم شۆفێرە توانای رۆیشتنی بە پێیەکانی لەدەستداوە.

ئەمرۆ یەکشەممە و پاش دە دانیشتن، دادگای تاوانەکانی سلێمانی کەیسەکەی بە سزادانی سزای سێدارە بۆ تاوانباری سەرەکی و سزای زیندانی هەتا هەتایی بۆ دوو تاوانباری دیکە دەرکرد، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەیان بە بڕی 491 ملیۆن دینار، بۆ کۆی بریندارەکان و ئەو کەسانەی بەهۆی رووداوەکەوە زیانیان بەرکەتووە.

بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان لەکارکەوتنی قاچەکانی ئارام لە 100%، بەڵام هێشتا هیوایان پێداوە بە راهێنانی پزیشکی جارێکی تر جوڵە و هەستی بۆ دەگەڕێتەوە، رووداوەکە جگە لە کاریگەریی تەندروستی، کێشەی کۆمەڵایەتیشی بۆ دروستکردووە و دوای رووداوەکە هاوسەرەکەی داوای جیابوونەوەی لێ کردووە.

شۆخان شەریف، هاوژینی نەقیب محەمەد کە بەشداری لە ڤیتییەکەی پەیامنێرمان کردووە، نیگەرانە لەوەی ئەو رۆژەی ئەو رووداوە روویداوە بەیانییەکەی نەقیب محەمەدی نەبینیوە، بەڵام تا کاتی رووداوەکە چەند جارێک بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

لەبارەی کاریگەری دۆسیەکە لەسەر منداڵەکانی، شۆخان لەتیف بە 964ی وت، بەهۆی ئەوەی منداڵەکانی بچووکن نازانن چ رووداوێک بەسەر باوکیاندا هاتووە، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە پێیان وتوون باوکیان لە ئاسمانە و ناگەڕێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا