پڕۆسەکە لە چ قۆناغێکدایە؟

داوا دەکرێت بەنداوێک لە گوندی کونەفلوسە دروست بکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

دانیشتوانی گوندی کونەفلوسە و چەند گوندێکی دیکە داوای دروستکردنی بەنداوێک دەکەن، بەڕێوەبەری ناحییەی سکتانیش دەڵێت، داوای دروستکردنەکەی بەرز دەکەنەوە.

دانیشتووانی گوندەکانی کونەفلوسە، کاموسەک و کۆلکەڕەش نووسراوێکیان ئاراستەی بەڕێوەبەری ناحییەی سکتان کردووە و داوای دروستکردنی ئەو بەنداوەیان کردووە.

“ئێمە هەر داواکارییەک لە لایەن دانیشتوانی سنوورەکەمانەوە بێت بەدواداچوونی بۆ دەکەین، هەفتەی داهاتووش نووسراوی دروستکردنی بەنداوێک یان پۆندێک بەرز دەکەینەوە”، ئەوە قسەی حاکم شاخەوان، بەڕێوەبەری ناحییەی سکتانە بۆ 964.

دەشڵێت، سەرەتا لیژنەیەک دێت و سەردانی شوێنەکە دەکات ئاخۆ ئەو ناوچەیە بۆ دروستکردنی بەنداو یان پۆند گونجاوە یاخود نا و دواتر رێکارەکانی تری دەستپێدەکەن.

پێشنیارەکە بە شێوەیەکە بەنداوەکە لە گوندی کونەفلوسە دروستبکرێت.

بەوتەی بەڕێوەبەری ناحییەی سکتان، ئەگەر ئەو بەنداوە دروستکبکرێت گوندەکانی کونەفلوسە، کۆلکەڕەش و کاموسەک بە پلەی یەک سوودی لێ دەبینن، “بەڵام بۆ ئاوی ژێرزەوی زۆر گرنگە و تەواوی سنوورەکەش سوود لە بەنداوەکە وەردەگرن”.

ناحییەی سکتان سەر بە قەزای کۆیەیە، 11 گوندی لەسەرەو گەورەترین گوندی کاموسەکە کە 110 ماڵە و بچووکترینیشیان کونەفلوسەیە کە هەشت ماڵی تێدایە.

گەنجێکی خەڵکی کونەفلوسە لە فەڕەنسا کوژرا

گەنجێکی خەڵکی کونەفلوسە لە فەڕەنسا کوژرا