"پەکمان کەوتووە"
شارەوانیی رانییە نەسریەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی رانییە نەسرییەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە، سەرۆکەکەی دەڵێت پەکیان کەوتووە و هیچ کارێکیان پێناکرێت.
نەسرییەی مانگانەی شارەوانییەکە 20 ملیۆن دینارە و بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ پێویستییەکانی بەکاری دەهێنێت.
بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانییە بە 964ـی راگەیاند، ئێستا وەرزی رشاندنی دەرمانە بە باخچە و پارکەکاندا، پێویستیان بە غاز و وچە و لم هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی نەسرییە هیچیان بۆ ناکرێت.
وتیشی، “ئێمە مانگی یەک 23 ملیۆن دینارمان کۆکردووەتەوە، بە وەزارەتمان وتووە با لەو پارەیە نەسرییەکەمان هەڵبگرین بەڵام رازی نەبوون”.
شاری رانییە 50 گەڕەکی هەیە و 122 هەزار دانیشتووی تێدایە.
سەرۆکی شارەوانیی رانییە باسی لە فرۆشتنی موڵکە نایابەکانی کرد، کە ساڵی رابردوو 18 زەویی نایابیان بە 399 ملیۆن دینار فرۆشتووە.
“ئێمە شارەوانییەکان دەسەڵاتی خەرجکردنی 100%ـی ئەو پارەیەمان پێدراوە، بەڵام کە داوای دەکەین پارەی کاش لە حسابەکەدا نەماوە و بۆ موچە خەرج کراوە و هیچ پڕۆژەیەکمان پێ ئەنجام نادرێت”، ئەوەش قسەی بەرهەم رەسوڵە.