خێرخوازێک دروستی دەکات
پارێزگای هەڵەبجە خەڵوەتگەی پیری لێ نییە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
پارێزگای هەڵەبجە خەڵوەتگەی پیری لێ نییە، بەڵام خێرخوازێک بڕیاریداوە خانویەک تەرخان بکات بۆ کۆکردنەوەی کەسانی بەتەمەن لەو شارە.
لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن خێرخوازێکەوە باڵەخانەیەک بۆ خەڵوەتگەی پیری هەڵەبجە دروستکرا، بەڵام دواتر بەخشرایە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە.
دانا حەمەشەریف بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و کۆمەڵایەتی هەڵەبجە بە 964ی وت، هاوڵاتییەکی شارەکە ئامادەیی دەربڕیوە خانویەک پێشکەش بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی هەڵەبجە بکات، بۆئەوەی بکرێت بە خەڵوەتگەیەکی پیری.
خەڵوەتگەی پیری، تایبەتە بەو کەسە بەساڵاچوانەی هیچ پەناگەیەک و شوێنێکیان نییە و لەوێ جێگایان بۆ دەکرێتەوە و خزمەتیان دەکرێت.
دانا حەمەشەریف دەڵێت، لە هەڵەبجە لایەنی کۆمەڵایەتی بەهێزە بۆ لەخۆ گرتنی کەسانی بەتەمەن لەلایەن کەسوکاریانەوە، بەڵام ئێستا پارێزگای هەڵەبجە پێویستی بە کردنەوەی خەڵوەتگەیەک هەیە بۆ کۆکردنەوەی ئەو بەساڵاچوانەی کەسوکاریان نییە.
بە پێی زانیاریەکانی 964 شوێنی ئەو خانوەی بڕیارە بکرێتە خەڵوەتگە دەکەوێتە نزیک سەیرانگەی چاوگ و ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت رێکارە ئیداری و یاساییەکانی تەواو بکرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی