ئەو قوتابیانەی وەفاداری مامۆستاکانی سەردەمی خوێندنیان بوون. فۆتۆ:964
رێزلێنان بۆ مامۆستاکانیان دەکەن
دوای 33 ساڵ گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکەیان
964
دیلان محەمەد جەزا
ژمارەیەک لەو قوتابیانەی ساڵی 1991 لە قوتابخانەی ئامادەیی ئەزمەڕی کوڕانى شارى سلێمانى خوێندویانە، ئەمڕۆ گەڕاونەوە بۆ قوتابخانەکەیان و لە مەراسینێکدا رێزلێنان بۆ مامۆستاکانیان دەکەن.
شۆڕش محەمەد، رێکخەری مەراسیمەکە بە 964 وت،”ئەمڕۆ 25 قوتابی ساڵی خوێندنی 1991 بۆ 1992 سەردانی ئامادەیی ئەزمەڕی کوڕانیان کردوەتەوە، بە مەبەستی یادکردنەوەی قۆناغی خوێندنیان لەو قوتابخانەیە”.
لە بەسەرکردنەوەکەدا، ئەو کەسانە رێزلێنانیان بۆ ئەو مامۆستایانە کردووە کە لەو سەردەمەدا وانەیان پێوتوون و ئێستا خانەنشین بوون.
بەپێى قسەى شۆڕش محەمەد، یەکێک لە مامۆستاکان بەناوى رەوف جەلال، ئێستا لە ژیاندا نەماوە، بەڵام خانەوادەکەیان بانگهێشتکردووە بۆ وەرگرتنى رێزلێنانەکە.
هەرچەندە 25 ساڵ بەسەر قۆناغەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام وەکخۆیان باسى لێوە دەکەن تائێستا پەیوەندییان لەگەڵ یەکتریدا ماوە و ناوە ناوە دادەنیشن و لەگەڵ یەکتریدا کۆدەبینەوە.
لە مەراسیمەکەى ئەمڕۆدا، هەریەک لە مامۆستایان (عەلى محەمەد، حمە یوسف عوسمان، نەجات عوسمان ،خدر مستەفا، نەجمەدین مستەفا، هۆشیار مستەفا، عەتا قەرەداغی، بەهجەت عەبدولکەریم )، خەڵاتى رێزلێنانیان پێبەخشرا.
هەرچەندە مامۆستاکان خانەنشین بوون، بەڵام ئەو قوتابیانە ئێستا لە بوارى جۆراوجۆرى ناوبازاڕ و پزیشکى و ئەندازیارى و یاسا و سەربازى و مامۆستایەتیدا، کاردەکەن.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح