خانەنشینە و منداڵەکانی مامۆستان

ئەو پیاوەی لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دروشم دەکێشێت کێیە؟

964+
دیلان محەمەد جەزا

42 ساڵ خزمەتی پەروەردەی هەیە و شەش ساڵە خانەنشین کراوە، بەردەوام لە پێشەوەی مامۆستایان بە دروشم و هۆنراوە رەخنەییەکانی دەبینرێت و دەناسرێتەوە.

ئەو مامۆستا تاهیر سەعیدە، ساڵی 1955 لە سلێمانی دایکبووە، وەک ئەوەی خۆی بۆ 964ی گێڕایەوە، لە سەردەمی حکومەتی بەعس زیندانی کراوە و لە سلێمانییەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری ناسرییە، دوای ئازادبوونی توانیویەتی لە خانەی مامۆستایان بخوێنیت و لە سەماوە خوێندن لە خانەکە تەواو بکات.

لەگەڵ مامۆستایەتیدا، هۆنراوەی نیشتمانی، رەخنەیی، ئایینی و منداڵانی نووسیوە، ئەو وتیشی، “لەو کاتەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕەزایەتی بۆ پێدانی موچە، پلە بەرزکردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان ئەنجامدەدەن، وەک ئەوەی هەست بە دۆخیان دەکەم، ویستوومە بەردەوام بە هۆنراوە رەخنەییەکانم پشتگیرییان لێ بکەم”.

مامۆستا تاهیر، خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە، سێ لە منداڵەکانی مامۆستان، ئەو رۆژانی یەکشەممان لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی، بە دوو پاس دەچێتە بەردەم پەروەردەی رۆژئاوای شارەکە، ئەو نیگەرانی پێنەدانی موچەکەی خۆیەتی هاوتای مامۆستاکان، بۆیە هۆنراوە و دروشمەکانی دەکات بە پێشڕەی پشتیوانی لە داواکاریی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

خۆپیشاندانى مامۆستایان و وانەبێژان بەردەوامە

خۆپیشاندانى مامۆستایان و وانەبێژان بەردەوامە