بەرهەمهێنانی کارەبا لە دوکان و دەربەندیخان سەدا 87 کەمیکردووە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

کەمبوونەوەی ئاو و کێشەی تەکنیکی بووەتە هۆی دابەزینی رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوی دەربەندیخان و دوکان بە رێژەی سەدا 87.

سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ 964+ی باسکرد، لە ئێستادا بەنداوی دەربەندیخان خاوەنی سێ تۆڕباینە، بەڵام لەبەر کەمی ئاو تەنیا یەک دانەیان کاری پێدەکرێت، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لە کۆی 240 مێگاوات، تەنیا 40 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێندرێت.

 بەنداوی دەربەندیخان، نزیکەی سەدا 31 ئاوی تێدایە لەم کاتەدا، رێژەی بەردانەوەی ئاوەکەش جێگیر نییە و رۆژانە دەگۆڕێت لەبەرئەوەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی بەنداوەکانی کوردستان لەژێر کۆنترۆلی حکومەتی فیدراڵیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی گشتی بەنداوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاری پێ دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، رێژەی بەردانەوەی بەنداوەکان پەیوەستە بە پێوسیتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق لە وەرزە جیاوازەکاندا. ئەمەش تا رادەیەک کاریگەری لە سەر بەرهەمهێانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

لە لایەکی دیکە، کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە 964+ی وت، بەنداوی دوکان لە پێنج تۆڕباین پێکھاتووە و توانای دروستکردنی 400 مێگاوات کارەبای ھەیە، بەڵام بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا نزیکەی 40 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت لە ئێستادا.

ئەو دەڵێت، بەشێکی پەیوەندی بە کەمئاویی هەیە، بەڵام هۆکاری تەکنیکیش وەک لەکارکەوتنی یەکێک لە تۆڕباینەکان و تازەنەکردنەوەی سیستمی کۆنترۆڵی بەنداوەکە لە 2010وە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە.

بەڵام بەگوێرەی سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بۆ 964+، لەم دواییەدا بە ھەوڵی کارمەندەکانی وەزارەتی کارەبا، توانراوە تۆڕباینەکان لە بەنداوی دوکان چاکبکرێنەوە.

بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە رێگەی بەنداوەکانەوە بە وزە نوێبووەکان هەژمار دەکرێت و بە دۆستی ژینگە دەناسرێت. چین یەکەم وڵاتی جیهانە بە بەرهەمهێنانی 400 گێگاوات کارەبا لە رێگەی ئاو.