گۆشتی خۆماڵیش بەسەر دەچێت
کوشتارگەی قەڵادزێ مۆری نوێی دروستکرد
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
ئەو مۆرەی لە کوشتارگەی قەڵادزێ بەکار دەهات لەلایەن پزیشکانی ڤێرتێرنەری، گۆڕانکاری لەمۆرەکەدا کراوە و لەئێستادا بەرواری لەسەرە و مۆری پێشوتر هیچ بەروارێکی لەسەر نەبووە.
دکتۆر خدر مستەفا سەلیم، لێپرسراوی کوشتارگەی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “کوشتارگەی قەڵادزێ ساڵانێکی زۆرە دروستکراوە لەوکاتەوە لەلایەن پزیشکانی ڤێرتێرنەری پشکنین بۆ گۆشتەکە کراوە، لەو کوشتارگەیە ئەوگۆشتەی شیاو بووە بۆ خواردن مۆرمان کردوون، ئەوەی شیاویش نەبوە بۆ خوردن لەناو براوە.
وتیشی، “ئەو مۆرە کۆنەی کە هەمان بوو لەپێشودا، هیچ بەروارێکی لەسەر نەبوو تەنیا مۆرێکی ئاسایی بوو، تەنیا ناوی هۆبەی ڤێتەرنەری پشدەر و کوشتارگەی قەڵادزێی لەسەر بوو، بەڵام ئەو مۆرە تازەیەی دروستمان کردووە بەرواری مانگ و رۆژی لەسەرە و هەموو رۆژێک ئەم بەروارە دەگۆڕ درێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سودی ئەو بەروارە ئەوەیە کڕیار دەزانێت ئەو ئاژەڵە کەی سەر بڕاوە و کە مۆریش کراوە شیاوە بۆخواردن، هەروەها گۆشت فرۆشیش ناتوانێت فێڵ لە کڕیار بکات و گۆشتی کۆن بەتازە بدات بەهاوڵاتیان.
بەقسەی لێپرسراوی کوشتارگەی قەڵادزێ بێت، سەر بڕینی ئاژەڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو %50 کەمی کردووە، ئەمەش بەهۆکاری ئەوقەیرانە دارایەی رووی لە هەرێمی کوردوستان کردووە.
964 دەزانێت، لەپشدەر تەنیا یەک کوشتارگەی سەربڕینی ئاژڵ بوونی هەیە، رۆژانە شەش سەر رەشە وەڵاخ و نزیکەی 15 ئاژەڵی بچوک سەر دەبڕدرێت لە کوشتارگەکەدا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی