ئێمباپێ ئەستێرەی فەرەنسی. فۆتۆ: X.
یانەی دیکە لەسەر هێڵن
ریال مەدرید پارەیەکی کەمی بۆ ئێمباپێ داناوە
964+
سۆما حەکیم زادە
دەنگۆی پەیوەندیکردنی ئێمباپێ بە یانەی ریال مەدرید لە گواستنەوەی هاوینەی ساڵی داهاتوودا جارێکی دیکە لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتەوە لووتکە.
ئەم یاریزانە پێشتر ئاشکرای کردووە زۆر حەزی لە ریال مەدریدە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر سەرەڕای رێککەوتنێکی زارەکی لەگەڵ ئەم یانەیە، لەناکاو بڕیاری دا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە، گواستنەوەکە سەری نەگرت.
بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا زۆرێک لە میدیاکانی ئیسپانیا و فەرەنسا دووپاتیان کردووەتەوە، کە یاریزانەکە بڕیاری پەیوەندیکردنی بە ریالەوە داوە و بە نیازە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا وەک یاریزانێکی ئازاد پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، زۆریک لە نزیکەکانی ئێمباپێ ئاشکرایان کردووە، یاریزانەکە پلانی هەیە پاریس سانجێرمان جێبهێڵێت، بەڵام ئەو ئۆفەرەی ریال پێشکەشی کردبوو، نەیتوانیوە دڵی یاریزانەکە رازیی بکات.
تەنانەت ئەگەری ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەگەر ئۆفەرێکی باشتر لە یانەیەکی دیکەوە وەربگرێت، ئامادەیە لەبەرچاوی بگرێت و تەنانەت قبوڵیشی بکات.
پێشتر ناوی یانەکانی لیڤەرپوول و ئارسیناڵ هاتووە، کە هەوڵی گواستنەوەی ئێمباپێ دەدەن.