باران کەرکوکییەکانی حەساندەوە
+964
کاروان سالحی
تا ئێستا 132 ملیم باران لە کەرکوک باریوە، ئەمەش بە قسەی کەشناسی شارەکە بێت کەرکوکییەکانی حەساندۆتەوەو ترسیان لە وشکەساڵی نەما.
لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە سەنتەری کەرکوک 13 ملیم باران باریوە، هەروەها لە ناحیەی شوانیش 28 ملیم، بەمەش کۆی ئەو بارانەی لە زستانی ئەمساڵدا باریوە 132 ملیم بووە، بەمەش کەرکوکییەکان ترسی وشکەساڵییان شکا.
حەسەن عەلی ئەحمەد، بەرێوبەری فەرمانگەی کەشناسی و بومەلەرزەی کەرکوک بە +964ـی راگەیاند: هەر ساڵێک رێژەی بارانبارین بگاتە سەروو 100 ملیم ئەوا دەتوانین بڵێن ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت.
“وەرزی زستانی ئەمساڵ 132 ملیم باران باریوە، ئەوەش موژدەیەکە بۆ جوتیارانی سنووری کەرکوک کە ئەمساڵ وشکەساڵی روویان تێ ناکات”.
ئەگەری رێژەکە زۆر لەوە زیاتر بەرز بێتەوە، بەو پێیەی هێشتا وەرزی زستان لە سەرەتا دایە.
+964 دەزانێت، زستانی 2021 تەنیا 108 ملیم باران لە کەرکوک باری بوو، هەروەها زستانی 2020 رێژەکە گەیشتە 100 ملیم.
لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە سەنتەری شاری کەرکوک 13 ملیم باران باریوە، لە ناحیەی شوان 28 ملیم، لە ناحیەی لەیلان 20 ملیم، ناحیەی پردێ 7 ملیم، قەزای دوبز10 ملیم، ناحیەی قەرەهەنجیر10 ملیم، قەزای داقوق 15 ملیم، ناحیەی ریاز 8 ملیم، ناحیەی عەباسی 4.5 ملیم، ناحیەی تازە 6 ملیم، قەزای حەویجە 8 ملیم و ناحیەی زاب 7 ملیم.