لەسەر گرانکردنی نرخی غاز 30 بریکار لە بازیان سزا دران
+964
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
بەهۆی گرانکردنی نرخی غاز، 30 بریکاری دابەشکردنی غاز لە بازیان سزا دەدرێن.
کەمبوونەوەی غازی ماڵان لە بازیان، بەدوایدا گران بوونیشی بەسەردا هات، ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتۆتەوە.
عومەر عەبدوڵا، لیپرسراوی بەشی سووتەمەنی قایمقامیەتی بازیان بە +964ـی وت “بەهۆی زۆری خواست لەسەر بەکارهێنانی غازی ماڵان، بریکارەکانی دابەشکردنی غاز، 250 تاوەک 500 دینار نرخی غازییان گران کردووە، لەسەر ئەمەش 30 بریکاری دابەشکردنی غاز دەستگیر کراون و سزا دراون”.
قەزای بازیان، هاوسنووری قەزای چەمچەماڵە و لەم هەردوو قەزایەدا 17 کارگەی بەرهەمهێنانی غازی ماڵانی تێدایە، رۆژانە شەش هەزار بوتڵی غازی ماڵان بەرهەم دەهێنن، تەنانەت بەشی سلێمانیش هەر لەو کارگاکانە دابین دەکرێت.