میلان به‌بێ نۆ یاریزان رووبه‌ڕووی مۆرینیۆ ده‌بێته‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ خولی ئیتالیا یارییه‌كی به‌هێز و گرنگ له‌ میلانۆ ئه‌نجام ده‌درێت، خۆزێ مۆرینیۆ و تیپه‌كه‌ی روو ده‌كه‌نه‌ یاریگه‌ی سان سیرۆ، یانه‌ی میلانیش له‌ بارێكی خراپی دابڕانی یاریزانه‌كانیدایه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8ـی كانوونی دووه‌م، یارییه‌كانی گه‌ڕی 17ـی خولی پله‌ یه‌كی ئیتالیا “سێریا ئه‌ی” درێژه‌ی ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی رابردوو چه‌ند یارییه‌كی لێ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ لووتكه‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆدا، هه‌ردوو یانه‌ی ئه‌ی سی میلان و رۆما له‌ سان سیێرۆ له‌ میلانۆ رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه‌.

میلان له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا بارودۆخی خراپه‌ و له‌ كۆمه‌ڵێك یاریزانی بێبه‌شه‌، ئه‌وانیش “ئەنتێ رێبیچ، زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، دیڤۆک ئۆریجی، جونیۆر مێسیاس، مایک ماینان، پالۆ تۆرێ، رادی کرۆنیک، ئەلیساندرۆ فلۆرێنزی و سیمۆن کایه‌ر”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ یانه‌ی رۆما، به‌ سه‌ركردایه‌تی راهێنه‌ر خۆزێ مۆرینیۆ خۆی ئاماده‌ كردووه‌ ئه‌نجامێكی باش له‌ یاریگه‌ی میلاندا تۆمار بكات، ته‌نیاش له‌ جۆرجینیۆ ڤایناڵدۆمی یاریزانی ناوه‌ڕاست بێبه‌شه‌.


خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ:
لازیۆ – ئیمپۆلی 17:00
سپێزیا – لیچی 17:00
سامپدۆریا – ناپۆلی 20:00
میلان – رۆما 22:45.

له‌ خولی ئیتالیا، ئێستا یانه‌ی ناپۆلی به‌ 41 خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مه‌، یوڤێنتوس به‌ 37 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌مه‌، میلان له‌ پله‌ی سێیه‌مه‌ به‌ 36 خاڵ، ئینته‌رمیلان 34 خاڵی هه‌یه‌ له‌ پله‌ی چواره‌مه‌، هه‌روه‌ها لازیۆ و رۆما له‌ پله‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌من به‌ 30 خاڵ.