964 پشتڕاستى دەکاتەوە
لیژنەى باڵاى فەتوا لە بارەى موچەوە فەتواى داوە؟
964+
وریا فەتاح
یەکێتى زانایانی ئایینی و ئەنجومەنى باڵاى فەتوا، لە بارەى موچەوە هیچ لێدوان و فەتوایەکیان نەداوە، بەرپرسى راگەیاندنى یەکێتى زانایانیش لە 964ـەوە، بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵەى کە دەڵێت: ئەگەر حکومەت نەیتوانى موچە بدات دەبێت فەرمانبەران خۆڕاگربن، بە ناڕاست ناودەبات.
ئەمڕۆ شەممە، لە بەشێک لە میدیا و سۆشیال میدیاکانى هەرێمى کوردستان، هەواڵێک بەناوى لیژنەى باڵاى فەتواى هەرێم بڵاوبووەوە، بە پێى هەواڵەکە لیژنەى باڵاى فەتوا وتویەتى،” ئەگەر حکومەت نەیتوانى موچە بدات دەبێت فەرمانبەران خۆڕاگربن”.
964 سۆراغى بۆ راستى و دروستى هەواڵەکە کرد و لەگەڵ مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی، بەرپرسى راگەیاندنى یەکێتى زانایان قسەى کرد، ئەو بە 964ى وت،”ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکى نییە، تەنیا یارییەکە و لە سۆشیال میدیا ئەنجام دەدرێت، ئەگینا هیچ شتێکى فەرمیمان لەو بارەیەوە نەبووە”.
جەختیش دەکاتەوە، نە لە ئەنجومەنى باڵاى فەتوا و نە لە یەکێتى زانایان، ئێستا و رابردووش هیچ فەتوا و بۆچوون و بابەتێکى فەرمى لەسەر ئەوە نەبووە”.