رسقەکەی لەوێیە

17 ساڵە لە زەڕایەنەوە بۆ کارکردن دەچێتە پێنجوێن

964+
کامیار کەمال ـ پێنجوێن

لە ساڵی 2007 – ەوە رۆژانە لە ناحیەی زەڕایەنی قەزای شارەزوورەوە، نزیکەی 70 کیلۆمەتر دەبڕێت و بۆ ماسی فرۆشتن دەچێتە قەزای پێنجوێن.

رسقەکەی و بژێوی ماڵ و منداڵەکانی لەوێ پەیدا دەکات.

بەکرعەلی، پیاوێکی دانیشتووی ناحیەی زەڕایەنە و لەدایکبووی ساڵی 1968، بەکر عەلی بە 964ی وت، “ئەگەر دوو رۆژ پشوو وەربگرم، یەکسەر لە پێنجوێنەوە تەلەفۆنم بۆ دەکەن و پێم دەڵێن لەکوێیت بۆ دیار نیت”.

بە قسەی خۆی بێت، ئەو لەگەڵ کارەکەیدا گەورەبووە و لە منداڵییەوە کاری راوە ماسی لەسەر دەریاچەی دەربەندیخان کردووە، چیرۆکی ئەوەش دەگێڕێتەوە کە “حکومەتی ئەوکاتی بەعس” رێگایان پێ نەداوە ئەو کارە بکەن و بەلەمەکانیان بە کۆپتەر تێکشکاندووە.

دوای چەند ساڵێک لە پڕۆسەی “ئازادکردنی عێراق” دەستی کردووە بە فرۆشتنی ماسی، حاجی بەکر عەلی ئەوەشی وت، سەرەتا لە ئێرانەوە ماسیم هێناوە و ئێستا هەر لە قەزای شارەزوورەوە ماسی دەهێنم، و رۆژانە چەند جۆرێکی جیاوازی ماسی بە کڕیارەکانم دەفرۆشم.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا