دوێنێ شەویش رێپێدراوێکی پۆلیس گیانی بەخشی
ئەمڕۆ دادگایی کەیسی کوژرانی نەقیب محەمەد بەڕێوەدەچێت
964+
توانا نەقی
بڕیارە ئەمڕۆ جارێکی دیکە دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کەیسی کوژرانی نەقیب محەمەد و بریندار بوونی چوار هاوڕێی لە دادگای سلێمانی بەڕێوە بچێت.
ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆ دووشەممە بڕیارە بکرێت دەبوو لە 7.1.2024 بەڕیوەبچوایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نوسراوی دادگا بە یەکێک لە تۆمەتبارەکان نەگەیشتبوو دانیشتنکە بۆ ئەمڕۆ دواخراوە.
رۆژی 24.12.2023 پێنجەم دانیشتنی ئەو دادگاییە بەڕێوەچوو، ئەوکات بڕیاری قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان درا و دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 22.1.2024 دواخرا.
نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بوو، شەوی 4.12.2023 لەگەڵ چوار کارمەندی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە چوونە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە لەسەر توندوتیژی خێزانی سکاڵای لەسەربوو، بەڵام لەو ماڵەی تۆمەتبارەکانی لێ بوو تەقە کرا، نەقیب محەمەد کوژراو، چوار کارمەندەکەی تریش برینداربوون، دواتر دەزگا ئەمنییەکان وتیان تەقەکەرەکە، ئەو کەسە و باوکی بوون کە تیمەکە چووبوون دەستگیری بکە.
ئەم دادگاییکردنە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو کاتژمێر 10:00 بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی لە شەقامی پیرەمێرد هەوڵی دەستگیرکردنی چەند داواکراوێکیاندا، بەڵام دواتر رووبەڕووبونەوەی چەکداری روویدا و بەهۆیەوە رێپێدراوێکى پۆلیس گیانى بەخشى و دوو کارمەندی تر بریندار بوو.