کارمەندی کۆمپانیایەکی نەوت بوون

هەشت کارمەند زیاتر لە هەشت ملیار دیناریان بردووە

964+

توانا نەقی

دەستەی دەستپاکی عێراق دەڵێت فەرمانی گرتن لەلایەن دادگاوە بۆ هەشت کارمەندی کۆمپانیای نەوتی میسان دەرکراوە بە تۆمەتی گەندەڵی و سەپێچی دارایی.

بە پێی ئەو راگەیەندراوەی دەستەی دەستپاکی عێراق کە دەست 964 کەوتووە، ئەو کارمەندانە گەندوڵییان کردووە لە پێشینەی کارکردن بە بڕی 8 ملیار دینار.

ئەوەش هاتووە، دادگای لێکۆڵینەوەی میسان کە مافی بەدواداچوونی هەیە بۆ کەیسەکانی دەستپاکی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەشت تۆمەتبار لە کۆمپانیای نەوتی میسان دەرکرد کە وەک ژمێریار و وردبینیکار لە دەزگای دارایی کۆمپانیاکەدا کاردەکەن، ئەوەش دوای ئەو سەرپێچی و پێشێلکارییە داراییانەی کە لە خەرجکردنی پێشینەکاندا ئەنجامدراون.

دەستەی دەستپاکی دەڵێت، بڕی پارەکە بە دیاری کراوی 8 ملیار و 611 ملیۆن و 898 هەزار و 750 دینار بووە.

ئێستا لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیر کردن بۆ ئەو تۆمەتبارانە دەرچووە بە پێی مادەی 316 لە یاسای سزادانی 111ـەی 1969ـی عێراقی.