ژمارەیان 30 گەنجە

گەنجە خۆبەخشەکانی کەڵەکچی بناری چیایی مەقلوبیان پاک کردەوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

ئەمرۆ هەینی چەند گەنجێکی خۆبەخش لە ناحیەی کەڵەکچی کە بۆ یەکەم جارە ئەم گروپە دروست دەکەن هەڵمەتێکی گەورەی خاوێن کردنەوەیان ئەنجامدا لە بناری چیای مەقلووب لە سنووری قەزای شێخان.

بناری چیای مەقلوب شوێنێکی دڵڕفێن و گەشتیارییە و ئەمڕۆ گەنجانی خۆبەخشی کەڵەکچی توانیان نزیکەی سێ تۆن لە زبڵ و خاشاک کۆبکەنەوە.

شەمسەدین مەسعود سەرپەرشتیاری گروپی گەنجە خۆبەخشەکان بە 964ـی وت، ئێمە گروپێکی خۆبەخشی ناحیەی کەڵەکچین کە لە 30 گەنج پێک هاتووین و بێ ئەوەی هیچ شوێنیک پشتگیریمان بکات کاردەکەین و ئەمرۆ یەکەم کارمان کە خاوێن کردنەوە و پاکراگرتنی ژینگە بوو لە بناری چیایی مەقلوب ئەنجامدا.

وتیشی، چەندین عەلاگەی تایبەت بە کۆکردنەوەی زبڵ دابەش کران بەسەر ئەو خێزانانەی ئەمرۆ بۆ گەشتکردن سەرەدانی بناری چیایی مەقلوبیان کردبوو.

دەشڵێت، چالاکیەکانمان بەردەوام دەبێت، سەرەتای بیرۆکەکە لەوەوە سەری هەڵدا ئێمەی گەنج هەستمان بەوە کرد کە شوێنە گەشتیاریەکان ئەبیت بپارێزرێن و هەروەها بۆ خەڵک و گەنجانی تر ببین بە نموونە بۆ پاراستن و پاک راگرتنی ژینگەی کوردستان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی