لیژنە پێکهێنرا

عێراق ئیدانەی کرد و قاسم ئەعرەجی گەیشتە هەولێر

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی توندی بۆردومانی ئێرانی لە هەولێر کرد و دەڵێت، شەوی رابردوو بە مووشەکی بالیستی بۆردومانی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان کراوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیی مەدەنی.

لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەشکردووە، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵەکانی نیشتەجێبوون، لەوانەش ماڵی بازرگانی کورد “پێشرەو دزەیی” کە بووە هۆی شەهیدبوونی و برینداربوونی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی.

حکومەتی عێراق ئەم هەڵسوکەوتە بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق دەزانێت، وە سوکایەتیکردنە بە دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە هەموو رێکارێکی یاسایی بەرامبەر دەگرێتە بەر، لەوانەش پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتە هەولێر، لەو چوارچێوەیەدا کە سەرۆکی حکومەتی عێراق، بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەندامی لیژنەکە دەبێت.

شەوی رابردوو، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.