بەگوێرەی سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی
“ساڵی پار ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنیەکان لەکاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە”
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئامارێکی سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی دەریدەخات، لە پارێزگای سلێمانی ساڵی پار بەراورد بەشارەکانی دیکە زۆرترین رووداوی گیانلەدەستدانی کرێکاری لێ تۆمارکراوە، بەشێکیان کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوون دوای دەوام کاریان کردووە.
چالاک رەئوف سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی سلێمانی بە 964ی وت، لە ساڵی 2023-دا 23 کرێکار لە کاتی کاردا گیانیانلەدەستداوە.
ئەوەشی وت، “لەو رێژەیەی گیانیانلەدەستداوە هەندێکیان لە کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان بوون، دوای ئەرکی خۆیان کاریان کردوە و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش نایانگرێتەوە”.
چالاک رەئوف دەڵێت، 95%ی پڕۆژە و شوێنکارەکان پابەندی تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی نین و گرنگی بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکار نادەن.
لە ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە پارێزگای سلێمانی، شەش کرێکاری بیانی و پێنج کرێکاری عەرەبی خوارووی عێراق گیانیانلەدەستداوە.