چ گۆڕانکاریەکی لێ دەکرێت؟
کتێبخانەی گشتی سلێمانی خۆی نوێ دەکاتەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
نۆژەنکردنەوەی کتێبخانەی گشتی سلێمانی دەستیپێکردووە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە کۆتایی دێت.
لە نۆژەنکردنەوەکەدا هۆڵێکی نوێ بۆ خوێندنەوە دروستکراوە بەناوی شێخ نووری شێخ ساڵح، هەموو پێداویستییەکی ساردی و گەرمی و کورسی باشی بۆ تەرخانکراوە، هاوکات بڕیارە سەرجەم بیناکە نۆژەنبکرێتەوە و بۆیاخ بکرێت، چاککردنی سەقفی بیناکە، کە کێشەی ئاودانی هەبوو.
ئالان رەئوف، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، سەرجەم رووناکییەکانی کتێبخانەکە دەگۆڕدرێن و دیزاینی باخچەکەی دەرەوەی دادەڕێژرێتەوە.
وتیشی، “کتێبخانەکە 150 هەزار سەرچاوەی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی تێدایە لەگەڵ چەندەها رۆژنامە و گۆڤار، بۆیە ئەو نۆژەنکردنەوەیە پێویست بوو و کەشێکی گونجاوتر و ئارامتر بۆ سەردانکەرانی کتێبخانەکە دەڕەخسێنێت”.
کتێبخانەی گشتی سلێمانی ساڵی 1948 دامەزراوە. لە ساڵی 1965ەوە ئەو شوێنەی بۆ دیاریکراوە کە ئێستا لێیەتی و چەند جارێک بیناکەی دروستکراوەتەوە و نۆژەنکراوەتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی