ناچن وەریبگرنەوە
زیاتر لە 11 هەزار پاسپۆرت لە گەرمیان بێخاوەن ماونەتەوە
964+
ژووری هەواڵ
زیاتر لە 11 هەزار و 500 پاسپۆرتی تەواوکرا لو کۆگای نوسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان هەن، کەس ناچێت وەریان بگرێتەوە، هۆشداری دەدرێت بە خاوەنەکانیان ئەگەر نەچن پاسپۆرتەکانیان دەفەوتێت.
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی گەرمیان لە رێگەی لینکێکەوە ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردووەتەوە کە ژمارەیان 11 هەزار و 547 کەسە و داوایان لێدەکات، بەزووترین کات سەردانیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 964 قسەی لەگەڵ بەشی راگەیاندنی پاسپۆرتی گەرمیان کرد، ئەوان وتیان، هەر پاسپۆرتێک کە دەردەچێت، ئەگە خاوەنەکەی لە ماوەی ساڵێکدا نەچێت وەریبگرێتەوە ئەوا دەفەوتێت و پێینادەنەوە.
پاسپۆرتی گەرمیان داواش لەو هاوڵاتیانە دەکات کە دەچن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان، ژمارەی ئەو کۆدە لەگەڵ خۆیان بهێنن کە لەسەر پسوڵەی وەرگرتنەوەی پاسپۆرت پێیاندراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکەی مانگێکە ھاوڵاتیانی گەرمیان ناتوانن لە نوسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان پاسپۆرت دەربھێنن، بەڕێوەبەرێ نوسینگەکەش دەڵێت بەھۆی دانانی سیستەمی ئەلیکترۆنیە. ئەو پاسپۆرتانەشی کە تەواو بوون هی پێش ئەو وادەیەن.