باڵەخانەی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان - وێنە: 964
لە کەلار
بڕیاری کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەھلیەکان لە شەواندا ھەڵوەشایەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای ئەوەی رۆژی ھەینی لیژنەی مۆلیدە ئەھلیەکان لە قایمقامیەتی قەزای کەلار بڕیاریاندا کە مۆلیدە ئەھلیەکان شەوان لە کاتژمێر 1:30 بۆ 5:30 بکوژێتەوە، ئەمڕۆ یەک شەممە قایمقامیەت بڕیارەکەی ھەڵوەشاندەوە.
بڕینی کارەبای مۆلیدە لە شەواندا، ناڕەزایەتیەکی زۆری دانیشتوانی قەزاکەی لێکەوتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
ھەردی سەرکەوت وتەبێژی قایمقامیەتی قەزای کەلار بە 964ـی وت، “بەشێکی زۆری ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت داوایان کردبوو کە لە درەنگانی شەو پێویستیان بە کارەبا نیە بۆ ئەوەی پارەی کەمتریان بۆ بێتەوە، ئێمەش بە شێوەیەکی کاتی بڕیاری کوژاندانەوەی مۆلیدەکانماندا بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە درەنگانی شەودا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی دوو شەوی رابردوو ھەستمانکرد نەبوونی کارەبا لە درەنگانی شەو گرفت دروستدەکات ، بەتایبەت لە رووی ئەمنیەوە و ھەروەھا ئەو ماڵانەشی کە نەخۆشیان ھەیە، بۆیە ئەمڕۆ یەک شەممە، بڕیارماندا کە ھەرکات کارەبای نیشتیمانی بڕا ئەوا مۆلیدە ئەھلیەکان کارەبا بدەن بە ھاوڵاتیان.
ویستمان لەکاتی رۆژدا کارەبای مۆلیدە کەمتر بکرێتەوە، بەڵام دوای قسەکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەلار پێیان وتین ئەگەر لە رۆژدا کارەبا ببڕێت گرفت بۆ دابەشکردنی ئاو دروست ئەبێت و ھاوڵاتیان بێ ئاو دەبن، ھەردی سەرکەوت وای وت.
لە گەرمیان 12 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێت بە ھاوڵاتیان، بۆ پڕکردنەوەی ئەو ماوەیەیتریش مۆلیدە ئەھلیەکان 12 کاتژمێر کارەبا دەدەن بە ھاوڵاتیان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی