نەوت و کانزاکانی سۆران چی دەڵێن؟
لە سێ قەزا غاز کەمی کردووە و نرخی بەرزبووەتەوە
+964
ئاکام غەفور- سۆران
لە سێ قەزای ئیدارەی سۆران کێشەی کەمیی غاز هەیە، جگە لە کەمییەکەش نرخی هەر بوتڵێک غازیش هەزار دینار چووەتەسەر.
ماوەی دوو رۆژە لە قەزاکانی خەلیفان، رواندز و سۆران کێشەی غاز هەیە، خەڵک بە زەحمەت دەستیان دەکەوێت، نرخەکەشی لە 8500 دینار بووە بە 9500 دینار.
هاوڵاتیان لە گرانبوون و نەبوونی غاز نیگەرانن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەڵێن، “تەنیا مانگی یەک ئەو گرفتە هەیە و دواتر چارەسەر دەبێت.
محەمەد عەلی، دانیشتووی خەلیفانە و بە 964ـی وت، “دوو رۆژە غازم دەست ناکەوێت، جگە لەوەی سەیارەی غاز نایەتە کۆلانەکانمان، بوتڵەکانمان دەبەینە کارگەی غازەکان و لەوێش هەر دەستمان ناکەوێ”.
دڵدار تەحسین غازفرۆشە، بە 964ـی وت، “خواستێکی زۆر لەسەر غاز هەیە، ئەو غازەی کە هەیە بەشی هەموو شوێنەکان ناکات، ناتوانین بەبێ کەموکوڕی دابەشی بکەین”.
لەسەر ئەو پرسە ئەمیر شانەدەری بەرپرسی نەوت و کانزاکانی سۆران بۆ 964 قسەی کرد، “گرفتی کەمیی غازمان نەماوە، هەر یەک لە قایمقامیەتی سۆران، رواندز و خەلیفان داوایان کرد بۆ مانگی یەک، غازی ماڵان و غازی بازرگانی تێکەڵاو بکرێتەوە و هەزار دینار بچێتە سەر نرخەکەی، بۆ ئەوەی گرفتی کەمیی غاز دروست نەبێت، ئێمەش داواکارییەکەمان قبوڵ کردووە”.
ئیدارەی سۆران لە شەش قەزا پێکدێت، مانگانە پێویستی بە زیاتر لە دوو هەزار 200 تۆن غاز هەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا