964 هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات

لە هەولێر جموجۆڵێکی فڕۆکەوانی نائاسایی هەیە

964+

ژووری هەواڵ

لە دوێنێ شەوە جموجۆڵێکی فڕۆکەوانی سەربازی نائاسایی لە ئاسمانی هەولێر هەیە و دەنگی فڕۆکە زۆر دەبیسترێت، سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت ئەوە رێوشوێنێکی هاوپەیمانانە بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانیان لەهەرێمی کوردستان.

دەنگەکان دوێنێ شەو دەبیستران و ئەمشەویش زیاترن، ئەمڕۆش چەند جارێک خەڵکی بەچاوی خۆیان کۆپتەری سەربازییان بینیوە، بەشێک لەو کۆپتەرانە لە جۆری (شینۆک)ی ئەمریکی بوون کە کۆپتەری دوو پەروانەیەو گەورەترە لە جۆرەکانی تر، کۆپتەری بارهەڵگریشە.

لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش هەیە، زۆربەی کۆپتەرەکانیش لەو دەوروبەرە بینراون.

سەرچاوەیەکی ئەمنی کە بەهۆی پێگەکەی ئاگاداری ئەو جموجۆڵانەیە و خۆی داوایکرد ناوی نەهێندرێت بە 964ی وت ”هەولێر ئارامەو هیچ جۆرە مەترسییەک لەئارادا نییە، ئەو جموجۆڵەش کە بەدی دەکرێت رێوشوێنی هاوپەیمانانە بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانیان لەهەرێمی کوردستان ”.

دوێنێ لەرێی درۆنەوە هێرش کرایە سەر بارەگای لیوای 12ی حەشدی شەعبی لەبەغدا و موشتاق تاڵب (ئەبو تەقوا) سەرکردەی گروپی نوجەبا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدا و چەند کەسێکی تر کوژران.

ئەمڕۆ ئەمریکا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاندو وتەبێژی پنتاگۆن وتی ”سوپای ئەمریکا لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بەکاتی عێراق رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر دژی ئەبو تەقوا بەو پێیەی تێوەگلاوە لەهێرشەکانی سەر سوپای ئەمریکا.. بەهۆی گورزە ئاسمانییەکەوە ئەبو تەقواو کەسێکی تر کوژران”.

هەر ئەمڕۆ بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانی هەریر، پێشتر دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاندبوو لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە ئەو بنکەیە لەلایەن هاوپەیمانانەوە چۆڵکراوە.