لە یاری ئۆفرۆد
ئۆتۆمبێلێک لە کۆیە حەوت کەس بریندار دەکات
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە کاتی نمایشی ئۆفرۆد لە گوندی جەلی سەر بە قەزای کۆیە ئۆتۆمبێلێک کۆنتڕۆڵ لەدەست دەدات و حەوت کەس بریندار دەکات.
بەپێی وتەی شایەتحاڵێک کە بۆ 964 قسەی کردووە، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتى نمایشى ئۆف رۆد لە سنورى نێوان هەیبەسوڵتان و هیزۆپ، روویداوە.
ئەو وتی ئۆتۆمبێلەکە جۆری پاتڕۆڵ نیسان بووە و نەیتوانیوە بەسەر ئەو بەرزاییەدا سەربکەوێت کە دیاریکراوە، بۆیە لە کاتی هاتنەخوارەوەی لە بەرزاییەکە خۆی بەناو ئەو کەسانەدا دەکات کە بینەری نماییشەکەن.
هاوکار عەلى، وتەبێژى تەندروستى کۆیە لە بارەى رەوشى تەندروستى بریندارەکانەوە قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” حەوت بریندار گەیەنراونەتە فریاکەوتنى کۆیە، سێ لە بریندارەکان دەست و قاچیان شکاوە و چوار کەسى دیکەش روشان و دورینەوەیان هەبووە و تەندروستییان جێگیرە”.
964 ئەوەشی زانیوە تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە تۆمار نەکراوە و دەستگیریش نەکراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی