یەکەم قەزا بڕیارى 172 جێبەجێ دەکات

لە قوشتەپە دەبێت هەموو کارگە و شوێنکارەکان 75%ى کرێکارەکانى خەڵکى ناوچەکە بن

964+

وریا فەتاح

لە قوشتەپە، دەستکرا بە رێکارەکانى جێبەجێکردنى بڕیارى 172ى ئەنجومەنى وەزیران و قایمقامى قەزاکەش دەڵێت: دەبێت هەموو کارگە و شوێنکارەکانى قەزاکە، 75%ى کرێکارەکانى خەڵکى ناوچەکە بن.

ئەمڕۆ، بۆ رۆژى دووەم لەسەریەک بژار مەلا خدر، قایمقامى قەزاى قوشتەپە، لەگەڵ 15 کۆمپانیا و کارگەکانى سنورەکە کۆبووەتەوە، تایبەت بە بەرزرکردنەوەى دەستى کارى خۆماڵى بە ڕێژەى 72%.

لەسەر ئەو بابەتە، بژار مەلا خدر، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”دەمانەوێت وەک یەکەم قەزا بڕیارەکە جێبەجێ بکەین و خەڵکى قەزاکە لە بڕیارەکە سودمەند بێت، چونکە 65 کارگە لە سنورەکە هەیە و زۆربەیان دەستى کارى خۆماڵى لە خوار 75% و ئەمەش واى کردووە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى قەزاکە بێکار بن”.

تەمەنى قەزاکە یەک مانگ و چەند رۆژێگە، بۆیە بەوتەى قایمقامى قوشتەپە، زۆر پێویستیان بە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە هەیە، تا بتوانن دەستى کارى خۆماڵى لە سنورەکە بەرز بکەنەوە.

رۆژانە لە قایمقامى قوشتەپە لەگەڵ 15 کارگەى سنورەکە کۆدەبێتەوە و داتا و زانیارییەکان لەبارەى ژمارەى کرێکارەکان دەخەنەڕوو، لە پاڵ ئەوەشدا گەنجان و خەڵکى بێکارى سنورەکە لە قایمقامییەت ناوى خۆیان تۆمار دەکەن، بەشێوەیەک تەنها ئەمڕۆ 50 کەسى بێکار ناویان نوسیوە، بۆیە وەک بژار مەلا خدر دەڵێت: دواى تەواو بوونى پڕۆسەکە بەشێک لەو خەڵکانە دەخرێنە هەر کارگە و شوێنێک کە بەربەستى 75%ى دەستى کارى خۆماڵى تێپەڕاندبێت.

له‌ رۆژی 20.9.2022 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ واژۆی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی بڕیاریدا  “دەبێت 75٪ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەک لە هەرێم بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت و نابێت بەکارخستنی کرێکاری بیانی لە هەر پڕۆژە و پیشەیەک لە بازاڕی کەرتی تایبەت لە رێژەی 25٪ی ئەوانەی کار دەکەن لە پڕۆژەکە تێپەڕ بکات”.

خانووە پلاستیکییەکان نزیکەی 15 هەزار هەلی کاریان رەخسا...

خانووە پلاستیکییەکان نزیکەی 15 هەزار هەلی کاریان رەخساندووە