تورکمانەکانی کەرکوکیش لەسەر سیاسەتی تەعریب هاتنە دەنگ
964+
کاروان ساڵح- کەرکوک
بۆ بەدەستهێنانەوەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی کە لە سەردەمی رژێمی بەعس لێیان داگیرکراوە، تورکمانەکانی کەرکوک هەڕەشەی سکاڵاکردن لە دادگای نێودەوڵەتی دەکەن، ئەگەر بێت و حکومەتی عێراق کێشەکەیان چارەسەر نەکات.
رۆژی سێشەممەی رابردوو سێی كانونی دووەم، بە ئامادەبوونی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەندامانی توركمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و ئیداری و لایەنگران و جوتیارانی توركمان، کۆبوونەوەیەکیان لە شاری کەرکوک ئەنجام دا.
سامی بەیاتی، جێگری سەرۆكی حزبی حەقی توركمانی بە 964+ـی وت “ئەو زەوییانە لە سەردەمی پڕۆسەی تەعریب دەسەڵاتی رژێمی بەعس دابەشی سەر عەرەبە هاوردەكانی كردووە، كە ئەوە زیاتر لە 40 ساڵە و حكومەتی عێراقی نەیتوانیوە چارەسەری بكات”.
دەشڵێت: لەو ناوچانەی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشەمان نییە و بەنیازین لەگەڵ کورد گفتوگۆ بکەین بۆ چارەسەر چونکە ئەوانیش هەمان کێشەیان هەیە.
زۆرینەی زەوییە داگیرکراوەکانی تورکمانەکان دەکەونە سنووری ناحیەی پردێ و لەیلان و یایچی تازە و بەشیر و دووز خورماتوو و تاوەكو قەزای كفری درێژدەبێتەوە.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی لیستی توركمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر قەرەبوو نەکرێنەوە و زەوییەکانیان بۆ نەگەڕێندرێتەوە ئەوا سکاڵایان دەبەنە دادگای نێودەوڵەتی.