ناچار کرا وێنەی ژینا ئەمینی بسڕێتەوە
وێنەی ژینا ئەمینی رێگر بوو لە گەیشتنی فڕۆکەیەکی هاوکاری بۆ غەزە
964+
ژووری هەواڵ
بەهۆی هەبوونی وێنەی ژینا ئەمینی، لە میسڕ رێگری کرا لە فڕۆکەیەک کە هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت بە لێقەوماوانی کەرتی غەزە.
ئینریکە پینرۆ، دەرهێنەری ناسراوی ئیتالی – ئەرجەنتینی و خاوەنی فڕۆکەکە رایگەیاند، بەهۆی فەرمانی دەوڵەتی میسرەوە ناچار بوون وێنەی ژینا ئەمینی لەسەر فڕۆکەکەیان بسڕنەوە، تاوەکو رێگەیان پێبدرێت هاوکاریی مرۆییەکان بە غەزە بگەیەنن.
بەگوێرەی هەواڵێکی یۆرۆ نیوز، فڕۆکەی فڕۆکەی بۆینگی دریم لاینر، لە رێگەدابووە بۆ غەزە و لەکاتی گەیشتنی بە میسر، مەرجێک بۆ تێپەڕبوونی فڕۆکەکە دانراوە ئەویش سڕینەوەی وێنەی ژینا ئەمینی بووە.
جگە لە وێنەی ژینا ئەمینی، چەند دروشمێکی وەک “نابێت هیچ ژنێک ناچار بە لەچک بکرێت”، نابێت هیچ ژنێک بەهۆی لەچەک نەکردنەوە بکوژرێت” و “نابێت هیچ پیاوێکیش بەهۆی قسەکردنەوە لەسێدارە بدرێت” لەسەر باڵی دواوە فڕۆکەکە نوسرابوون.
“دەوڵەتی میسر پێی راگەیاندوون، بەهۆی لۆگۆی سیاسیی سەر فڕۆکەکە، رێگا بە نیشتنەوەی فڕۆکەکەیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەریش نادات. لەبەر ئەوەش بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی رێکخراوی سۆڵیدەر بۆ خەڵکی سڤیلی غەزە، ناچار بووین وێنەی ژینا ئەمینی و دروشمەکانی سەر فڕۆکەکە بسڕینەوە”، پینرۆ وای وت.