ئەزمونێکی کوردی و فەرەنسییە

لە کەرکوک مۆنۆدرامایەکی جیاواز نمايش دەکرێت

964+

چاوان خەلیل

لە زیندانەکانی تۆپزاوا لە کەرکوک یەکەم مۆنۆدرامای سەلمە کە کارێکی شانۆیی هاوبەشی نێوان کوردستان و فەڕەنسایە بەشێوەی ئەزمونی نمایش کرا، بڕیاریشە لە چەند وڵاتێکی دیکە نمایش بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 23.12.2023 یەکەم نمایشی مۆنۆدرامای سەلمە بە شێوەی ئەزموونی نمایشکرا، کە لە نووسینی دڵشاد مستەفا و سینۆگرافیا و دەرهێنانی نەژاد نەجمە.

ئەم کارە ئەزموونێکی نوێی مۆنۆ درامایە، بەڵام دوو ئەکتەر تیایدا رۆڵ دەبینن، ئەکتەرێکیان کچە کوردێکە بە ناوی هەوار فارس، ئەکتەرەکەی دیکە کچە فەڕەنسییەکە بە ناوی ئۆغلێ.

نەژاد نەجم دەرهێنەری شانۆکە بە 964ـی وت، “یەکەم نمایشمان وەک ئەزموون، نمایشکرد و بڕیارە لە مانگی دووی ساڵی نوێ ئەکتەرەکەیان بگاتە کوردستان و لە 5.2.2024 دەست بە نمایشەکانیان بکەن”.

وتیشی، ئەم نمایشە دواتر لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، ئەمنە سوورەکەی سلێمانی، مۆنۆمێنتی کەلار، چەمچماڵ و هەولێر نمایش دەکرێت.

نمایشەکە بەرهەمی گرووپی شانۆیی هەوارە و لەژێر چاودێری وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە هەریەک لە وڵاتانی فەڕەنسا، میسر، ئێران، توونس و کۆریاش بانگێشتکراوە، نەژاد نەجم وای وت.