964 نووسراو و بڕیاره‌كان بڵاوده‌كاته‌وه
نرخى پسووله‌كانى نه‌خۆش له نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌رێم چۆن زیادكراون؟
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
964 ئه‌و نووسراو و بڕیارانه‌ى ده‌ستكه‌وتووه كه به‌هۆیه‌وه نرخى پسووله‌كانى نه‌خۆش له نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌رێمی كوردستانى زیاد كراون.
ماوه‌یه‌كه ده‌نگۆى زیادكردنى نرخى ئه‌و پسوولانه‌ى نه‌خۆش له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه بڵاوبووه‌ته‌وه و به‌پله‌ى یه‌كه‌میش ره‌خنه‌و گله‌ییه‌كان ئاڕاسته‌ى نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌پێی سۆراغى 964 بڕیارى زیادكردنه‌كه له‌سه‌ر پێشنیارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و به بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بووه.
به پێی نووسراوێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كه رۆژى 4.9.2023 ده‌رچووه و واژۆى د. ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون بریكاری وه‌زاره‌تی تەندروستى و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى باڵاى نۆرینگه پزیشكییه میللی و راوێژكارییه‌كانى له‌سه‌ره، ئاماژه به دوو نووسراوى وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ده‌كات بۆ زیادكردنى ئه‌م نرخانه، یه‌كه‌م نووسراو به ژماره 100 له رۆژى 13.2.2023 و دووه‌میشیان به ژماره 206 له رۆژى 29.3.2023.
له نووسراوه‌کەدا پشت به نووسراوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ژماره 8245 له رۆژى 11.7.2023 به‌ستراوه، بۆ زیادكردنى نرخى پسوولەی نۆرینگه پزیشكییه میللى و ده‌ره‌كی و راوێژكارییه‌كان.
داواكراوه نرخى پسووله‌ى (ده‌رمانى درێژخایه‌ن) له هه‌زار دیناره‌وه بكرێته دوو هه‌زار دینار، نرخى پسووله‌ى نۆرینگه پزیشكییه میللى و ده‌ره‌كییه‌كان (ئێشكگر) له دوو هه‌زار دیناره‌وه بكرێته سێ هه‌زار دینار و نرحی كلینیكه پزیشكییه راوێژكارییه‌كان و پسپۆرییه‌كان له سێ هه‌زار دیناره‌وه بكرێته چوار هه‌زار دینار .
وه‌زاره‌تى دارایی و ئابووریش له رۆژى 26.7.2023 نووسراوێكی گشتاندنى بۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له ژێر ناوى (زیادكردن و رێكخستنه‌وه‌ى نرخى پسووله) به واژۆى ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایی ده‌ركردووه، ئه‌و نووسراوه‌ش به پاڵپشتى نووسراوه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ژماره 8245 له رۆژى 11.7.2023 ده‌رچووه و ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر زیادكردنى ئه‌م نرخانه ده‌ربڕیوه.
نووسراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی به پێی سه‌رجه‌م خاڵ و بڕگه‌كانى رێنماییه‌كانیان به ژماره (1)ـى ساڵى 2020 و گشتاندنیان به ژماره (2)ـێ ساڵى 2022 و به‌ره‌چاوكردنى هه‌ردوو بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ژماره 216 له رۆژى 14.5.2023 وو ژماره (219) له رۆژى 24.5.2023 ، ده‌ركراوه.