رۆژی سەری ساڵ 162 منداڵ لە سلێمانی لەدایکبوون

964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
ڤیدیۆ

بە تەنیا لە رۆژی 1ی 1ی 2023، لە شاری سلێمانی 162 منداڵ لەدایکبوون، کە 133یان بە نەشتەرگەری بووە.

چەند ساڵێکە، بەشێک لە هاوڵاتیان ئاهەنگ و لەدایکبوون و مەراسیمەکانیان دەخەنە رێککەوتێکی بە تێگەیشتنی خۆیان “جوان”.

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئامارێکی راگەیاند، دەڵێت بە تەنیا لە رۆژی 1ی 1دا 88 منداڵی کچ و 74 کوڕ لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ئەو شارە لەدایکبوون.

لە بەدواداچوونێکی 964+، دکتۆر ئامانج رەحیم، کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوونە لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان سلێمانی، باسی لەوە کرد، “لە نەخۆشخانەکەی ئێمە 15 منداڵ لەدایکبوون، شەش کوڕ و نۆ کچ، لەسەرداواکاری دایک و باوکەکان نەشتەرگەریمان بۆ کردوون و تەندروستی هەمووشیان زۆرباشە”.

سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964+ی وت، لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی حکومی 29 منداڵ و لە تایبەتەکانیش 133 منداڵ لەدایکبوون.

ئارام سەعید، باوکی منداڵێکە کە لە نەخۆشخانەی منداڵبوون لەدایکبووە، بۆ 964+ی باسکرد، “لە کاتژمێر 12:01ی  شەوی ساڵی تازە منداڵەکەمان لەدایکبوو، سوپاس خوا دەکەم لەو بەروارە جوانەدا مناڵەکەمانی پێبەخشین”.