دیمەنی هێزە عێراقییەکان لە بەردەم بنکەیەکی دەنگدان _ وێنە: 964
لە ناوچەی سەدر بوون
سێیەم بۆمب هەڵدرایە ناو بنکەی دەنگدان و پۆلیسێک بریندارە
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هێرشی یەک لە دوای یەک، بە بۆمب دوو ناوەندی بنکەی دەنگدانی لە ناوچەی سەدر کردە ئامانج و پۆلیسێک بریندارە.
بەم دوو هێرشەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا سێ هێرش بۆ سەر ناوەندەکانی دەنگدان لە ناوچەی سەدری بەغدا ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی بکەرانیان ئاشکراکرابن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17.12.2023، میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوەی خۆجێییەوە دەڵێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆمبێکی دەنگی لەلایەن گروپە چەکدارە نەناسراوەکانەوە، لە کەرتی 76ی ناوچەی سەدر تەقێندراوەتەوە، ئەندامێکی پۆلیسی فیدراڵی بە “سووتان” بریندار بووە.
هەروەها، هێرشێکی دیکەی بۆمبی ناوەندێکی هەڵبژاردنی لە کەرتی 33ی ناوچەی سەدر کردوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئەوە لە کاتێکدا دوێنێ شەممە لە ناوچەی سەدری بەغدا بنکەیەکی دەنگدان کرایە ئامانج و وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە كێشەیەکی بچوک وەسفی کرد و وتی، “لێکۆڵینەوە دەکەین”.