بەڵام بەڕێوەبەری ناحیە گەشبین نیە

وەرزشوانانى ژاراوە یاریگایەکى مۆدێرنیان بۆ دروست دەکرێت

964+

وریا فەتاح

بڕیاردراوە یاریگایەکى مۆدێرن لە ناحیەی ژاراوە دروست بکرێت، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیە دروستکردنەکەی بەستوەتەوە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بە‌غدا.

عەبدوڵا عەباس، بەڕێوەبەرى ناحیەى ژاراوە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان دروستکردنى یاریگایەک بڕیارى لێدراوە و بڕى 400 بۆ 450 ملیۆن دینارى بە دوو قۆناغ بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام ئەگەر نێوانی بە‌غدا و هەرێم بەمشێوەیە بێت بڕوا ناکەم تا سێ ساڵی دیکەش ئەو خەونە بێتە دی.

“پارەکە لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان بۆ ساڵى 2023 تەرخانکراوە، بەپێى ژمارەى دانیشتوانی ژاراوە 900 ملیۆن دینارى بەردەکەوێت، لەو ژمارەیە 400 بۆ 450 ملیۆن دینار بۆ دروستکردنى یاریگایەکى گەورە تەرخانکراوە، بەڵام ئەو بڕە بەشى تەواوکردنى یاریگاکە ناکات، بۆیە هەوڵدەدەن لە بودجەى ساڵى 2024 بڕێکى دیکەى بۆ تەرخان بکەن”، عەبدوڵا عەباس واى وت.

دەشڵێت: ئەو پڕۆژانەى ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت هى ساڵى 2022 بوون و ئەوانەشى ساڵى داهاتوو جێبەجێدەکرێن پڕۆژەکانى ساڵى 2023، بەڵام بەهۆى کێشەى نێوان هەرێم و بەغداد بودجەکە راگیراو.

بەپێى قسەى بەڕێوەبەرى ناحیەى ژاراوە، یاریگاکە بەشێوەیەکى مۆدێرن و بە نەخشەیەکى نوێ دروست دەکرێت کە چیمەن دەبێت و شوێنى دانیشتنى هاندەرانى دەبێت.

ژاراوە، ناحیەیەکى نزیکەى 20 هەزار دانیشتوانییە و 32 گوند لەخۆى دەگرێت، لەڕوى ئیدارییەوە سەر بە قەزاى پشدەرە، بەپێى خەمڵاندنەکان زیاتر لە 20 تیپى میلى و نزیکەى 400 یاریزان لە ئاستە جیاوازەکان لە ناحییەکەدا بونى هەیە، بەڵام تائێستا یاریگەیەکى گەورەى وەرزشى بونى نییە.

کاروان رەسوڵ کە یەکێکە لە وەرزشوانانى ناحیەکە و ئێستا لە کۆلێژى پەروەردەى وەرزشى زانکۆى سەڵاحەدین مامۆستایە، بە 964ى وت،”بوونى یاریگاى وەرزشى مۆدێرن و چالاکى وەرزشى، خزمەتێکى گەورەیە بە گەنجان کە پێکهاتەیەکى گەورەى کۆمەڵگەن، بۆیە پێویستە لەو رووەوە ئاوڕ لە ژاراوە بدرێتەوە کە ساڵانێکە فەرامۆشکراوە”.

هەموو دەڤەری پشدەر تەنیا یەک مەلەوانگەی هەیە

هەموو دەڤەری پشدەر تەنیا یەک مەلەوانگەی هەیە