له‌ سه‌رى ساڵ به‌ سەدان گه‌شتیارى هه‌رێم له‌ دوبه‌ى بوون

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى +964، بۆ بۆنه‌كانى سه‌رى ساڵى 2023 به‌ سەدان كه‌س له‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌شدا كه‌ گه‌شتیان بۆى كردوون، ئیمارات له‌ سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌یه‌. 

به‌پێچه‌وانه‌ى پێشتر، كه‌ زۆرینه‌ى خه‌ڵكی هه‌رێم بۆ گه‌شتكردن روویان له‌وڵاتانى توركیا و ئێران ده‌كرد، كه‌چی بۆنه‌كانى سه‌رى ساڵى 2023 ئاڕاسته‌ى گه‌شتیارانى هه‌رێمى پێچه‌وانه‌ كرده‌وه ‌و روویان له‌ وڵاتى ئیمارات كردووه‌.

عه‌تا ئه‌نوه‌ر حوسێن سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى نوسینگه‌ و كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانى سلێمانى به‌ +964ی وت “به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ى لاى ئێمه‌ن زیاتر له‌ 5000 گه‌شتیار له‌ سنوورى سلێمانییه‌وه‌ گه‌شتى ده‌ره‌وه‌یان كردووه‌ و زۆرینه‌ى ئه‌و گه‌شتیارانه‌ش چوونه‌ته‌ وڵاتى ئیمارات”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌دواى ئیمارات، گه‌شتیارانى ئه‌و سنووره‌ سه‌ردانى وڵاتانى میسر، ئێران، مالیزیا، تایله‌ند و توركیایان كردووه‌.

ته‌نیا له‌ كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاری ناو شاری هه‌ولێر به‌ سه‌دان گه‌شتیار گه‌شتى ده‌ره‌وه‌یان كردووه‌ و زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ش چوونه‌ته‌ دوبه‌ى.

ئه‌حمه‌د عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى رێكان تڕاڤڵ له‌ هه‌ولێر، به‌ +964ی وت “بۆ بۆنه‌كانى سه‌رى ساڵ، نزیكه‌ى 600 گه‌شتیار له‌ رێگه‌ى كۆمپانیاكه‌مان بۆ ده‌ره‌وه‌ گه‌شتیان كردووه‌”.

ئه‌حمه‌د روونی كرده‌وه‌ ئاراسته‌ى گه‌شتكردنى ئه‌و كه‌سانه‌، زیاتر به‌ره‌و وڵاتى ئیمارات بووه‌، دواى ئه‌ویش بۆ وڵاتى لوبنان ئینجا توركیا و ئێران .