ناو بازاڕی بیارە نۆژەن دەکرێتەوە

ناو بازاڕی بیارە نۆژەن دەکرێتەوە

964+

محەمەد عومەر- هەڵەبجە

شارەوانیەکانی هەڵەبجە و بیارە بە هەماهەنگی دەستیان كردووه‌ بە نۆژەنکردنەوەی شەقامی ناوبازاڕی بیارە و دروستکردنی نافورەیەک لە ناوەندی بازاڕەکە دا.

حەمید بارام بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە 964ـی وت، یەکێک لە گرفتەکانی ناوچەی هەورامان قیڕتاوکردنی شەقامەکانی بوو کە چۆن بتوانرێت بە شێوازێک نۆژەن بکرێتەوە کە لەگەڵ کلتور و سیمای ناوچەکە بگونجێت.

وتیشی “بڕیارماندا بەردڕێژی شەقامی ناو بازاڕەکە بکرێت و بە شێوەیەک لەگەڵ سیمای ناوچەکەدا بگونجێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد ئه‌م نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌ جوانی دیكه‌ ده‌داته‌ ناو بازاڕی بیارە و کلتوری ناوچەکە وەک خۆی بمێنێتەوە.

بە قسه‌ی بەڕێوەبەری ناحیە، بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە نزیکەی  250 ملیۆن دینارە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، نافورەیەکیش لە ناوەندی ناوبازاڕدا دروستدەکرێت کە بە شێوازێکی جوان و شایستە دیزاین کراوە و پاش تەواو بونی نافورەکە بەردڕێژکردنی شەقامەکە بەردەوام دەبێت.

بە پێی داتاکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن کە ژمارەیان 36 ناوچەی گەشتیاریە و بەشێکی زۆر لەو گەشتیارانە روو لە ناوچەی گەشتیاریەکانی هەورامان دەکەن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن