لە دهۆک خوێندکارانی زانکۆ دەرماڵەی یەک مانگ وەردەگرن
+964
هیڤی دێوالی-دهۆک
بریارە سبەینێ رۆژی سێشەممە، خوێندکارانی زانکۆ دەرماڵەی مانگی نۆی ساڵی 2022 وەربگرن.
لە زانکۆی دهۆک نزیکەی 20 هەزار خوێندکار هەن و زانکۆی پولیتەکنیکی دهۆک دوو هەزار و 257 خوێندکاران هەن.
خوێندکارانی دەرەوەی شار بڕی 60 هەزار دینار و خوێندکارانی ناو شاریش 40 هەزار دینار دەرماڵە وەردەگرن.
مەروان محەمەد ساڵح فندی، بەڕێوەبەری دارایی لە زانکۆی دهۆک بە 964ـى وت، سەرجەم ژمێریارانی کۆلێژ چەکیان ئامادە کردووە بۆ دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران، کە سبەی دابەش دەکرێت و تەنیا دەرماڵەی مانگی نۆی ساڵی 2022 وەردەگرن.
سەرکەفت رەشید، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی پولیتەکنیکی دهۆک بە 964ـى وت، ئەمڕۆ دووشەممە دابەشکردنی دەرماڵەی مانگی نۆی ساڵی 2022 دەستیپێکرد بۆ خوێندکارانی زانکۆکەمان، کە 1719 خوێندکاری دەرەوەی شار و 538ی ناو شارن.
“خوێندکاران دەرماڵەی نۆ مانگیان وەرنەگرتووە، سبەیش تەنیا دەرماڵەی یەک مانگ وەردەگرن” سەرکەفت رەشید وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا